زایەڵە - بڕیاردەری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند؛ لەهەر جێگایەک وەرگرتنی پارە و بەتاڵ کردنی گیرفانی هاووڵاتیانی تێدابێت حکومەتی هەرێم دەستی بۆ دەبات.
سەرچنار ئەحمەد بڕیاردەری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بەزایەڵەی ڕاگەیاند، لەبری ئەوەی سەیری چاڵو چۆڵی و شکاوی شەقامەکان بکرێت و پلانی چاککردنیان دابنرێت کە ڕۆژانە ڕوداوەکانی هاتووچۆ دەبینین ڕودەدەن و قوربانیان لێدەکەوێتەوە ،دێن و کامێرای تیژڕەوی و خاڵ بۆخاڵمان بۆ دادەنێن!، چونکە یەکەمیان پارەی تێدەچێ و لەسودی هاووڵاتیانەو کارێکی یاساییە نایکەن،بەڵام دووەمیان چونکە پارەیان بۆ دێتەوەو لە زیانی هاووڵاتیانەو کارێکی نایاساییە دەست بەجێ عەقد لەگەڵ کۆمپانیا دەکەن و لەسەری ڕەزامەند دەبن.
وتیشی، ئەمەش کارێکی تری نایاساییە کە وەزارەتی ناوخۆ دەستی بۆ دەبات، هەروەک پێشتر دەستی برد بۆ گۆڕینی ژمارەی ئۆتۆمبێل و کردنی بەئینگلیزی کە ئەوەش پێچەوانەی یاسای زمانە فەرمیەکان بوو لەهەرێمی کوردستان.گرفتەکە لەوەدایە پێشێلکردنی یاساو حساب بۆنەکردنی لەئاستی باڵادا ڕوودەدات ئەگەرنا هاووڵاتیەکی ئاسایی گەر پێشێلی یاسا بەرکارەکان بکات هەرزو غەرامەی دەکەن و لەزیندان توندی دەکەن گوایە یاسا سەروەرە! ، یاساکانی ئێمە وەک پەتی جاڵجاڵۆکە وان تەنها بچووکەکانیان پێدەگیرێ، نایاساییەکان زۆرن و لەئاستی باڵادا ئەنجام دەدرێن لەوانە،بەنایاسایی پاشەکەوتکردن و بڕینی مووچە.بەنایاسایی وەستاندنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران.بەنایاسایی گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل ،بەنایاسایی دەسکاری کردنی باج و ڕسومات .
ڕونیشیکردەوە، لە هەموشیاندا حکومەت قازانجی کردووەو هاووڵاتی و فەرمانبەرانیش زەرەرمەند بوون و هیچ ئیجرائاتێکیش لەگەڵ لایەنی سەرپێچیکاردا نەکراوە، چونکە یاسا سەروەری هەرناو بووەو ئەوەی پێشێلیش کراوە هەر یاسابووە.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم