زایەڵە - عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی ئەمڕۆ شەممە لەمیانەی پێشکەشکردنی وتارێک لە "کۆنفرانسی ئیسلامی بۆ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان" ئاماژەی بەوەکرد، بۆ چارەسەری کێشە سیاسییەکانی وڵات نابێت پەنا ببرێت بۆ بژاردەی توندوتیژیی و دەبێت بە دانایی و گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن، چونکە بایکۆتی یەکتریی و دابڕان رێگری دەکەن لە هەمو گۆڕانکارییەکی ئەرێنیی.
 ئەوەشی خستەڕو، داوا دەکات لایەنەکان پەیاماننامەی ئاشتی کۆمەڵایەتی واژۆ بکەن، چونکە دەرکەوت یەکتریی تۆمەتبارکردن و گرژکردنی زیاتری دۆخەکە خزمەت بە هیچ لایەنێک و هاوڵاتیانیش ناکات، هەروەها بەرزکردنەوەی ئاستی داواکارییە سیاسییەکان بەبێ پڕۆژەیەکی راستەقینە و زانستی هیچ کێشەیەکی سیاسی، ئابوری و خزمەتگوزاری چارەسەر ناکات.
 سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی پەیوەست بە داواکارییەکەی رەوتی سەدریش بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت وتی، هەڵبژاردنی پێشوەخت پێویستی بە ئامادەکاری و کاراکردنەوەی پەرلەمان هەیە بۆ ئەوەی سەرنج و تێبینی لایەنەکان بۆ قۆناغی داهاتو لەبەرچاو بگیرێت و یاسایەکی نوێی هەڵبژاردنیش پەسەند بکرێت، جەختیش دەکاتەوە کە موقتەدا سەدر و لایەنگرانی رەوتەکەی لەلای چوارچێوەی هەماهەنگی "بەڕێز و خۆشەویستن، بۆیە لە هەمو قۆناغێکدا پێداگرین کە برایانی رەوتی سەدر چالاکانە بەشداربن لە بڕیاری سیاسی و دامەزراوەکانی دەوڵەت".