زایەڵە - وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رەخنەی تووند لە کۆمپانیای سۆمۆ دەگرێت و دەڵێت، دوایین هەنگاوی کۆمپانیاکە کاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر ئەو دیالۆگەی کە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ هەیە؛ ئاماژ بەوەش دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رۆژی هەینی 26-8-2022 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە تووندی سەرکۆنەی ئەو نامەیە دەکات کە رۆژی 23ی ئاب لە لایەن کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی عێراق- سۆمۆ دەرکرا و تێیدا هەڕەشەی هەنگاوی یاسایی بەرامبەر کڕیار و بازرگانی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان دەکات".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "نامەکەی سۆمۆ دڵۆپەیەکی دیکەیە لە جۆگەلەیەکی پڕ لە زانیاریی هەڵە کە سۆمۆ وەک بەشێک لە یارییەکی سیاسی بڵاویدەکاتەوە؛ شەڕێک کە هەندێک لە پارتە سیاسییەکان لە بەغدا بەکاری دەهێنن بۆ لێدان لە دەستووریی فیدراڵیی عێراق. هەروەها ئامانج لە نامەکە بریتییە لە لاوازکردنی ئەو دیالۆگە نیازپاکییە بەردەوامەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵییدا هەیە. ئامانج لەو دیالۆگە بریتییە لە هەبوونی پلانێک بۆ بەڕێوەبردنێکی هاوبەشی سەرچاو و داهاتی وزەی عێراق، بە پشتبەستن بە دەستووری فیدراڵی".
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاماژە بەوە دەکات کە نامەکەی سۆمۆ پشت بە بۆچوونی ژمارەیەک پارێزەر دەبەستێت کە گوایە لە "دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق"ن، "بەڵام عێراق دادگەی باڵای فیدراڵیی نییە و هیچ بڕیارێکی ئیلزامیشی نییە، چونکە ئەو دادگەیە تاوەکو ئێستاش بە گوێرەی دەستوور دروستنەکراوە. هەربۆیە ئەو دادگەیەی بەغدا بریتی نییە لە دادگەی باڵای فیدراڵی و بۆچوونی ئەندامەکانیشی هیچ قورساییەکی یاسایی لە عێراق و هیچ شوێنێکی دیکەدا نییە. قسەکردن و پیشاندانی دۆخەکە بە جۆرێکی دیکە، هەروەک چۆن سۆمۆ و ئەوانی دیکە لە بەغدا دەیکەن، تەنیا فریودانە؛ فریودانێک کە لێدانە لە دەستووری فیدراڵی و هەڕەشە لە کۆماری عێراقیش دەکات. ئەم هێرشە سیاسییە بۆسەر دەستووری فیدراڵی لە ویستێکەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەیەوێت عێراق بگەڕێنێتەوە بۆ بەهێزکردنی ناوەند".
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت: "ماددەی 92ی دەستووری عێراق داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات کە دوو لەسەر سێی ئەندامەکانی دەنگ بە یاسایەک بدەن بۆ ئەوەی ئەو یاسایە بڕیار لە کارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی بدات. تاوەکو ئێستا ئەو یاسایە دەرنەکراوە و هەربۆیە عێراق خاوەنی دادگەیەکی باڵای فیدراڵی نییە کە پشت بە دەستوور ببەستێت. ئەو گرووپە پارێزەرەش کە بۆچوونەکەی 15ی شوباتی ساڵی 2022یان دەربڕی هیچ دەسەڵاتێکی دەستووری نییە ئەو کارە بکات".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکاندا هاتووە: "حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارەکەی قبووڵ نەکردووە و بێخەمیش دانەنیشتووە. رۆژی 15ی شوباتی 2022، واتە ئەو رۆژەی کە دادگەی بەناو باڵای فیدراڵی بڕیارەکەی دا، حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و بڕیارەکەی بە نادادپەروەرانە، نادەستووری و نایاسایی ناوبرد. رۆژی 28ی شوباتی 2022ش راگەیێندراوێکی هاوبەش لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە. راگەیێندراوەکە لە لایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە پاڵپشتی کرا. ئەو راگەیێندراوە بەو جۆرە باسی لە بڕیارەکەی بەناوی دادگەی باڵای فیدراڵی کرد کە نادەستوورییە و داوای دامەزراندنی دادگەیەکی باڵای فیدراڵیی یاسایی پشتبەستوو بە ماددەی 92ی دەستووری کرد. لە مانگی ئاداریشدا راگەیێندراوی هاوشێوە بڵاوکرانەوە".
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "نە سۆمۆ و نە هیچ گوتەبێژێکی دیکە لە عێراق هەوڵی نەداوە رەوایەتی بداتە دادگەی بەناو دەستووری باڵای فیدراڵی. هۆکارەکەی ئەوەیە کە روونە دادگەکە نادەستوورییە. لە عێراق بەم ناتەواوبوونییە دەزانرێت، بەڵام دەکرێت خەڵکی کەمتر لە دەرەوەی عێراق لێی تێبگەن. بەلەبەرچاوگرتنی لاوازیی زۆری دامەزراوەکانی بەغدا و لاوازی ئارگیومێنتەکانی بەغدا، روونە کە ستراتیژیی بەغدا بریتییە لە دروستکردنی چیرۆکێک بۆ دروستکردنی نادڵنیایی بازاڕ لە دەرەوەی عێراق، بەڵام لەو بابەتەی کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە. دەبێت هەموو لایەک بەو جۆرە لە راگەیێندراو و هەڕەشەکانی بەغدا تێبگات و رەتبکرێنەوە. راستییەکە زۆر بە روونی لە دەستووری فیدراڵییدا هەیە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی لە نێو هەرێمەکەیدا وەبەرهێنان لە سەرچاوە هایدرۆکاربۆنییەکاندا بکات و پەرەیان پێبدات، هەروەک چۆن لە دەستووری فیدراڵی و یاسای کوردستاندا هاتووە و دەشڵێت: " بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، بە کەشتی دەنێردرێتە بازاڕەکان، دەفرۆشرێت، دەپاڵێورێت. چاوەڕوان دەکرێت ویستی وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانیش زیاتر بێت".
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە پڕۆسەی نێوەندگیری و دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی جیاوازییە دیارەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەڕێوەبردنی نەوت و گازی عێراق. ئەو جیاوازییانە، وەک هەر جیاوازییەکانی دیکە لە بۆچوونەکاندا، دەبێت بە گوێرەی دەستووری فیدراڵی و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق چارەسەربکرێت. تاوەکو ئەو کاتە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە هەنگاوەکانی بۆ پارێزگاریکردن لە مافەکانی".