زایەڵە - بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان و فائیق زەیدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، خوازیاری هێوربوونەوە و ڕاگرتنی پەرەسەندنی سیاسی و پەسەندكردنی دیالۆگ بۆ كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكانی ئێستا .
لە راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆماردا هاتوە: بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار ئەمڕۆ دووشەممە میوانداری كۆبوونەوەیەكی كرد كە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دادوەر فائیق زەیدان بۆ تاوتوێكردنی پێشهاتەكانی گۆڕەپانی نیشتمانی ئامادەبوون.
لە كۆبوونەوەكەدا جەختی لەوە كردووەتەوە: كە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و رێبازی دیموكراسی و دەستووری لە عێراقدا ئەركی هەموو عێراقییەكانە، هەروەك ئەركی دامەزراوەكانی دەوڵەت و هێزە سیاسییە نیشتمانییەكانە، ئاماژەی بەوەدا : كە دیالۆگی بنیاتنەر رێگەی دروستە بۆ كۆتاییهێنان بە هەمووان و ناكۆكییەكانی ئێستا بە مەبەستی پاراستنی تواناكانی وڵات.
لە كۆبوونەوەكەدا پشتیوانی خۆی بۆ بانگەوازەكەی سەرۆك وەزیران نوێ كردەوە بۆ ئەنجامدانی خولێكی نوێی گفتوگۆی نیشتمانی لەم هەفتەیەدا بۆ گفتوگۆكردن و تاوتوێكردنی بیروڕا و دەستپێشخەرییەكانی پەیوەست بە چارەسەركردنی قەیرانی ئێستا، هەروەها دیسانەوە بانگەوازی برایانی ناو ڕەوتی سەدری بۆ بەشداری دانیشتنی دیالۆگەكە بكەن.
لە كۆبوونەوەكەدا جەختی كردەوە لە بەرز نرخاندنی پێشنیازەكانی چاكسازی لە هەموو ئاستەكاندا، پەرەپێدانی كاری دامەزراوە جیاوازەكان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، هەروەها پێویستیی ئەوەی گفتوگۆی نیشتمانی رێڕەوی خۆی بگرێتەبەر بۆ تاوتوێكردنی هەموو ئەو شتانەی كە دەبێتە وەرگێڕانی ئاواتەكانی خەڵك بۆ ناو واقیعێكی ڕاستەقینە.
لە كۆبوونەوەكەدا داوا لە سەرجەم هێزە نیشتیمانییەكان كراوە بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن لەم دۆخەی ئێستای وڵاتدا، لەوانە گرتنەبەری ئارامی لە هەموو ئاستەكان و راگرتنی پەرەسەندنی سیاسی، رێگەدان بە گفتوگۆیەكی بەرهەمدار لەبارەی ئەو چارەسەرە دەستبەجێیانەی پێشكەش دەكرێن، گفتوگۆیەك لەبارەی دۆخی سیاسی گشتی و باشتركردنی ژینگە بۆ پەیوەندییەكانی نێوان هێزە سیاسییە جیاوازەكان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و لەسەر بنەمای پێداویستییەكانی چاكسازی لە ئاستە زۆرەكانیدا و داوای كرد ڕاگرتنی دەستبەجێ بۆ پەرەسەندنی میدیای ئێستا، كە بە شێوەیەكی نەرێنی كاریگەری لەسەر بەرژەوەندییەكانی وڵات دەبێت و نیگەرانی خەڵك دەوروژێنێت.
لە كۆبوونەوەكەدا سوپاسی چالاكییە كۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییە نەتەوەییەكان بۆ پشتیوانی لە دیالۆگی نیشتمانی و هەوڵەكان بۆ هێوربوونەوە و یەكلاییكردنەوە و هاودەنگی لە نێوان خەڵكی هەمان میللەت كراوە.