زایەڵە - مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامێکی ئاڕاستەی موقتەدا سەدر کرد و ڕایگەیاند، بانگەوازی سەدر بۆ ڕاگرتنی توندوتیژی گوزارشت لە بەرزترین ئاستی نیشتمانپەروەری دەکات.
کەمێک پێش ئێستا موقتەدا سەدر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا داوای لێبوردنی لە گەلی عێراق کرد و جەختیکردەوە کە پێویستە خۆپیشاندەران و چەکدارەکانی سەرایا سەلام لە ماوەی 60 خولەکدا ناوچەی سەوزی بەغدا و خۆپیشاندانەکان چۆڵ بکەن.
هەر دوای ئەوە، مستەف کازمی لە تویتێکیدا وتی، "بانگھێشتەکەی سەید موقتەدا سەدر بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژیی نوێنەرایەتی بەرزترین ئاستی نیشتمانپەروەری و پەرۆشی دەکات بۆ پاراستنی خوێنی عێراق، ئەم گوتەیەی بەڕێزی بەرپرسیاری ئەخلاقی و نەتەوەیی هەموو لایەکە لە پاراستنی تواناکانی عێراق و ڕاگرتنی زمانی گرژی سیاسی و ئەمنی و دەسپێکردنی دیالۆگێکی خێرا و پڕ بەرهەم بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان."
هاوکات فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق بڕیاری دا بە هەڵگرتنی قەدەغەی ھاتووچۆ لە بەغدا و پارێزگاکانی تر.