زایەڵە - سالار  محمود چاودێری سیاسی بە زایەڵەی  ڕاگەیاند، مەترسیەکانی تورکیا کەمتر نین لە دۆخی شێواوی بەغدا و ئاگری ئەو ئاڵۆزیەی بەغدا، کەرکوک و خانەقین دەگرێتەوە.
ڕاشیگەیاند: یەکخستنی گوتارو ھەڵوێستی کوردستانی وا دەخوازێت گوتارە حزبیەکان بەلاوە بنرێت. ئەوەی روودەدات پێشبینی کراوبوو. ناوچەی سەوزی حوکمڕانی دابڕاو لەخەڵک، گرێیەکی بیست ساڵەی دوای رووخانی دیکتاتۆریەتەو تێک شکا.
ناوبراو وتیشی؛ کات، کاتی یەک ستراتیژیەتی کوردستانیە بۆ ئەوەی کەمترین پریشک بەر کوردستان بکەوێ.
ئاماژەی بەوەش دا؛ مەترسیەکانی تورکیا کەمتر نین لە دۆخی شێواوی بەغدا. سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ھەرێم لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی و سەرۆکی پارتی پێویستە کۆببنەوەو ستراتیژی ھاوبەش دابنێن.
ڕونیشیکردەوە، ھەنگاوی یەکەم دانانی ستراتیژە لە پارێزگاریکردن لەخەڵکی ناوچە کوردستانیە دابڕاوەکان.
شێواوی دۆخی بەغداو گەیشتنی بەم ئاستە ، داڕمانی تەواوەتی ماناکانی دەوڵەتە لە عیراق. بۆیە لە روانگەی مەترسیەکانی سەر قەوارەی کوردستان ستراتیژیەتی ھاوبەشی نیشتمانی پێویستە. گرێ کەسی و حزبی و ناوچەییەکان بەلاوە بنێن و مشورێکی خاک و خەڵکی ناوچە دابڕاوەکان بخۆن.
ئامادەکردنی- کامەران  کەریم