زایەڵە - وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران سه‌باره‌ت به‌ پێشهاته‌كانی ئه‌م دواییه‌ی عێراق به‌یاننامه‌یێکی دەرکرد.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: كۆماری ئیسلامیی ئێران به‌ ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆی به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارامی بۆ عێراق و داوای لێخۆشبوون بۆ كوژراوان و هیوای ته‌ندروستی بۆ بریندارانی ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌، سوپاسی پشوودرێژی و حیكمه‌تی حكومه‌ت و خه‌ڵكی عێراق و هه‌موو دامه‌زراوه‌ یاساییه‌كان له‌ وڵات بۆ تێپه‌ڕاندنی فیتنه‌یه‌كی گه‌وره‌ ده‌كات.
كۆماری ئیسلامی هه‌روه‌ك پێشتر وتوویه‌تی تاكه‌ چاره‌سه‌ر بۆ ده‌رچوونی عێراق له‌م قه‌یرانه‌ی ئێستادا بریتیه‌ له‌ په‌نابردن بۆ رێبازی دیالۆگ، پاراستنی مافی هاووڵاتیان، رێزگرتن له‌ داموده‌زگا یاساییه‌كانی وڵات، پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستوور و پرۆسه‌ سیاسییه‌كان و هیواداره‌ ته‌واوی گروپ و ڕه‌وته‌ سیاسییه‌كانی عێراق به‌ به‌رپرسیارێتی و به‌شداریكردنی بنیاتنه‌ر له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا، هه‌لومه‌رجی گونجاو بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ دابین بكه‌ن.
كۆماری ئیسلامی ئێران به‌رده‌وام خوازیاری عێراقێكی سه‌قامگیر و ئه‌من و به‌هێزه‌ كه‌ له‌ پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌دا رۆڵی بنیاتنه‌ر ببینێت و هه‌رگیز درێغی له‌ پشتیوانی خۆی بۆ ره‌وت و دامه‌زراوه‌ سیاسی و یاساییه‌كانی عێراق نه‌كردووه‌.
كۆماری ئیسلامیی ئێران داوا له‌ گشت ڕه‌وته‌ سیاسی و كه‌سایه‌تی و ئه‌وانه‌ی ئاره‌زووی عێراقێكی به‌هێز و سه‌ربه‌خۆ ده‌كه‌ن، ده‌كات به‌ رێزگرتن له‌ ماف و خواسته‌كانی یه‌كتر، له‌ پرۆسه‌یه‌كی ئاشتیخوازانه‌ و دیالۆگئاڕاسته‌ و له‌ ته‌نیشت هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی دا، هه‌موو داواكاری و كرداره‌كانیان له‌به‌ر رۆشنایی یاسا و كه‌ناڵه‌ یاساییه‌كانی وڵاته‌كه‌ بخه‌نه‌ڕوو و رێگه‌ له‌ هه‌رجۆره‌ به‌كارهێنانێك بگرن كه‌ له‌لایه‌ن به‌دخوازانی عێراقه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت.
كۆماری ئیسلامیی ئێران به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ده‌سپێكی ڕۆژانی زیاره‌تی چله‌ی شه‌هیدبوونی ئیمام حوسێن (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) و جوڵه‌ی ملیۆنان زیاره‌تكاری حوسێنی به‌ره‌و مه‌زارگه‌ پیرۆزه‌كانی عێراق، جه‌خت له‌سه‌ر ڕێزگرتن له‌ ڕێوڕه‌سمی حوسێنی و هه‌وڵی به‌كۆمه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌ بۆ دابین كردنیٍ ئارامی گشتی و ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشی هه‌موو زیاره‌تكاران و میوانانی مه‌زارگه‌ پیرۆزه‌كان.
كۆماری ئیسلامیی ئێران دڵنیایه‌ كه‌ كۆماری عێراق به‌ یارمه‌تی وه‌رگرتن له‌ قاپی خوای ته‌عالا و به‌ رێنمایی مه‌قامی به‌رزی مه‌رجه‌عیه‌ت، و هه‌روه‌ها به‌ به‌رنامه‌ و حیكمه‌تی حكومه‌ت و هۆشیاری تاكه‌كانی گه‌لی عێراق و گشت ره‌وته‌ سیاسیه‌كان، به‌ خێرایی ئه‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌ تێده‌په‌ڕێت.