زایەڵە - کامیل محمود  نوسەر و میدیاکارێکی سەربەخۆ  بە زایەڵەی  ڕاگەیاند،  هه‌موومان ده‌زانین هه‌ر له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ هه‌موو كێشه‌ و ململانێ ناوخۆییه‌كانی ناو ئه‌م وڵاته‌ له‌نێوان ئه‌م دوو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ی كوردستاندا له‌سه‌ر پاره‌ و داهات و شه‌ڕی گومرگ و ناهاوسه‌نگی له‌ دابه‌شكردنیدا بوو له‌ نێوان خۆیاندا به ‌تایبه‌تی له ‌سه‌ره‌تاوه‌ له ‌سه‌ر داهاتی خاڵی سنووری ئیبراهیم خلیل بوو، كه پاشان شه‌ڕی ناوخۆ و ئه‌و بارودۆخه‌ی لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ تا ئه‌مڕۆ ده‌رهاوێشته‌كانی به‌رده‌وامه‌.
وتیشی، تا ئه‌مڕۆش كه‌ ٣٠ساڵ به‌سه‌ر ته‌مه‌نی ئه‌و ئه‌زموونه‌دا تێپه‌ڕیوه‌ هێشتا هه‌ر كێشه‌و ململانێكان له‌سه‌ر داهات و ماڵی گشتی ئه‌م وڵاته‌ به‌رده‌وامه‌وسه‌رچاوه‌كانی مووچه‌ و بژێوی خه‌ڵك و هه‌موو بوجه‌ی حكومه‌ت و به‌ڕێوه‌بردنی وڵات له‌ده‌ستی ئه‌و دوو حزبه‌دایه‌ به‌ناهاوسه‌نگی، واته‌ ئه‌وه‌ی پارتی ته‌حه‌كومی پێوه‌ ده‌كات زیاتره‌ له‌وه‌ی له‌ده‌ستی یه‌كێتیدایه‌، به‌تایبه‌تی له‌دۆسیه‌ی نه‌وتدا.ده‌ره‌نجام داهاتی ئه‌م وڵاته‌ ئه‌وه‌ی لێ ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت كه‌ بۆ خه‌ڵك سه‌رفی بكات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ده‌ستی حزب ده‌مێنێته‌وه‌، كێشه‌ی ئه‌و دوو حزبه‌ش ئه‌وه‌یه‌ سنوورێك نییه‌ بۆ تێربوون بێ ئیحتیاجیان به‌پاره‌و سامان و تا ئێستا ركابه‌ری و پێشبڕكێیان له‌سه‌ر بچڕینی زۆرترین ڕێژه‌ له‌و داهاته‌و دروستكردنی چه‌ندین كۆمپانیای گه‌وره‌ و بچوكی حزبی زیاتره‌ له‌ڕكابه‌رییه‌ سیاسییه‌كه‌ی نێوانیان، بگره‌ ئه‌وان سیاسه‌تیان ‌بیرچووه‌ته‌وه‌ و له‌ دوو حزبه‌وه خه‌ریكه‌ ده‌بنه‌ دوو كۆمپانیای بزنس و بازرگانی.
ڕونیشیکردەوە،  بۆیه‌ تا ئابووری و داهاتی وڵات به‌دامه‌زراوه‌ نه‌كرێت و له‌ده‌ستی حزب ده‌رنه‌هێنرێت و له‌فلسێكه‌وه‌ تا كۆتایی ڕاده‌ستی خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت نه‌كرێت وڵات له‌مه‌ خراپتری به‌سه‌ردا دێت و خه‌ڵكه‌كه‌ی هه‌ژار و نه‌دارتر ده‌بن.ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌ نه‌ویسته‌و كه‌سانی ناو بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات و نزیك له‌و دوو حزبه‌ دان به‌و ڕاستییه‌دا ده‌نێن، یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی نزیك له‌ ده‌سه‌ڵات له‌دیمانه‌یه‌كدا وتی: ته‌نها خاڵه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێم بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شی هه‌موو حزبه‌كانه‌وه‌ یان لیژنه‌یه‌كی بێلایه‌نی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌بچن و‌ چاودێری داهاته‌كانیان بكرێت‌ كێشه‌ی مووچه‌ و داهاتمان نامێنێت و ئه‌وكات ده‌زانین ئه‌م وڵاته‌ بێ داهات نییه‌ ، ئه‌م به‌حزبیبوونه‌ی ئابووری داهاتی وڵات ڕێگریش ده‌بێت له‌ به‌رده‌م گۆڕانكری سیاسیدا، چونكه‌ ئه‌و حزبانه‌ی قۆرخی داهات و دامه‌زراوه‌كانی وڵات ده‌كه‌ن باكیان له‌هه‌ڵبژاردن وده‌نگدان نییه‌ و هه‌میشه‌ به‌ره‌نده‌و براوه‌ ده‌بن به‌حوكمی ده‌سه‌ڵاته‌ ئابوورییه‌كه‌یان .
وتووێژ- کامەران  کەریم