زایەڵە - مامۆستایانی وانەبێژ هۆشداری دەدەن و تاوەكو مانگی 10 مۆڵەت دەدەنە حكومەت.
كارۆخ عەبدوڵا نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندوە، داواكاری مامۆستایانی وانەبێژ دامەزراندنە، بە حكومەتیان وتووە كە وەك هەنگاوی یەكەم دەتوانن بە گرێبەست دایانبمەزرێنن تاوەكو باری دارایی حكومەت باشتر دەبێت، دواتر بیانكەن بەهەمیشەیی.
سەبارەت بە مووچەی ئێستای مامۆستایانی وانەبێژ كە 250 تاوەكو 400 هەزار دینارە رایگەیاند ، مووچەكە هێندە كەمە بەشی هاتووچۆی هەندێك مامۆستا ناكات، چونكە زۆربەیان لە دەرەوەی شارەكانن، بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاگاداری ئەم دۆخەن و دەزانن ئەم مووچە كەمە بەشی ژیانی هیچ مامۆستایەك ناكات، تاوەكو ئێستاش مووچەی مانگەكانی 7 و 8ی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە.
جەختی لەوەش كردووەتەوە، ئەگەر بزانن نیەتی حكومەت باشە لەگەڵیان ئەوە سەرەتا بایكۆت ناكەن و دەچنەوە قوتابخانەكان تاوەكو ئەوكاتەی حكومەت پێویستی پێیەتی بۆ جێبەجێكردنی داواكانمان، تاوەكو مانگی 10 چاوەڕوان دەكەن و داواكانیان جێبەجێ نەبێت، بایكۆتی سەرتاسەری رادەگەیەنن.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم