زایەڵە - دانا عەبدولکەریم ڕایگەیاند: هەمو هەوڵێکمان بۆ دابینکردنی پارەی کاش و تەواوکردنی پڕۆژەکانی رێگاوبانە ، قوربانیانی روداوەکانی هاتوچۆ براو کەسی ئێمەن، هێندەی کەسوکاریان خەمبارم .
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن جەخت لە هەوڵەکانیان دەکاتەوە بۆ کارکردن لە رێگای دوسایدی دەربەندیخان کەلار و دابینکردنی بودجە بۆ پڕۆژەکە، هاوکات هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانیانی روداوەکانی هاتوچۆ دوپات دەکاتەوەو رایدەگەیەنێت هەمویان کەسوکاری ئێمەن و خۆم بەهاوبەشی خەمی کەسوکاریان دەزانم.
رۆژی یەکشەممە دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەیاوەری بریکاری وەزارەت بۆ رێگاوبان و ژمارەیەک لە راوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت وبەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەت، بەشێک لە پڕۆژەکانی وەزارەتیان لە سنوری دەربەندیخان و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بەسەر کردەوە.
لەدەستپێکی سەردانەکەدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن سەردانی قائیمقامیەتی قەزای دەربەندیخانی کردو لەدیدارێکدا لەگەڵ قائیمقام و بەرپرسانی ئیداری ئەو شارە، گفتوگۆکرا لەسەر داواکاری و پێشنیار و پڕۆژەکان و وەزیری ئاوەدانکردنەوە وێڕای پشتیوانی لە داواکارییەکان جەختیکردەوە، ئەوەی لەتوانای وەزارەتدا بێت درێغی ناکەن.
ھاوکات قائیمقام و بەرپرسانی ئیداری شارەکە، ھەوڵ و ماندوبونەکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەیان بەرزنرخاند بۆ خەمخۆری و بەدەمەوەھاتنی داواکاری خەڵکی سنورەکەو ئاماژەیان بەوەکرد، سەردانە بەردەوامەکانت بەڵگەی خەمخۆری و دڵسۆزیتە. هاوکات کۆمەڵێطک پێشنیارو راسپاردەیان ئاراستەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کرد.
دواتر لەمیانی بەسەرکردنەوەی پڕۆژەی رێگای دوسایدی دەربەندیخان-کەلار، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن رایگەیاند، ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەت و حکومەت، ھەمو ھەوڵێکمان بۆ ئەوەیە پارەی کاش دابین بکەین بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی رێگاوبان و بەتایبەتیش ئەم پڕۆژەیە، لەئێستاشدا کارکردن لە چەند بڕگەیەک دەستیپێکردوەتەوە.
هۆکاری وەستانی پڕۆژەکانیشی گەڕاندەوە بۆ نەبونی سیولەی بانکی و پارەی کاش، لەمڕوەوە وتی: "لە رابردودا ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی بڕی 60 ملیار دینار دەربڕی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە ئەم پارە کاشەو سیولەیە لە بانکدا نییە، بۆیە پڕۆژەکە وەک پێویست کاری تێدا نەکراوە.
لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەونوسانیشدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوەکرد، رەزامەندی نۆژەنکردنەوەی تونێکی ئێستای دەربەندیخان وەرگیراوەو لەئایندەیەکی نزیکدا کارەکانی دەستپێدەکات، دەربارەی رێگای ناوتاق لە دەربەندیخان، جێبەجێکردن و تەواوکردنی ئەو پڕۆژەیە بە پرۆسەی ئیداری خۆیدا رۆیشتوەو رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانیش وەرگیراوەو رەزامەندیەکە بگەڕێتەوە بۆ وەزارەت بەپرۆسەی تەندەریندا دەڕوات و دەچێتە لای بەڵێندەر و جێبەجێ دەکرێت.
سەبارەت بە تونێلی نوێی دەربەندیخانیش، وتی ، لیژنەیەکی باڵا لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و وەزارەتی پلاندانان پێکهاتوە، گفتوگۆکان بەردەوامە بەمەبەستی دروستکردنی تونێلێکی نوێ بۆ دەربەندیخان، لەماوەی مانگێکدا ئەنجامی گفتوگۆکان یەکلادەبنەوە لەگەڵ کۆمپانیاکەو ئەگەەر گفتوگۆکان ئەرێنی بون ئەوکات گرێبەستیان لەگەڵ دەکەین بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکە.
هەروەک جەختیکردەوە، لەئێستادا بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ئەولەویەت بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانە، بەڵام رێگاوبانەکانیش وەک موچە گرنگە، هیوادارین میکانیزمێک بۆ دابینکردنی بودجە بۆ ئەم پڕۆژە ستراتیژیانەی رێگاوبان بدۆزرێتەوەو بودجەی پێویست بۆ تەواوکردنی رێگاکان دابین بکرێت.
ئاماژەی بە پڕۆژەی رێگای دوکان – چوارقوڕنە کردو رونیکردەوە، قۆناغی یەکەمی 95% تەواو بوە، قۆناغی دوەمی %45ی تەواوبوە، بەڵام لەئێستادا کارکردن لە پڕۆژەکە وەستاوە بە چەند هۆکارێك، یەکێك لە هۆکارە سەرەکییەکان نەبونی پارەی پێویستە ئەوەی دیکەیان هۆکاری هونەرییە. بۆ قۆناغی سێیەمیش پلانمان داناوەو قسەمان لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی کردوەو ئومێدەوارین لەئایندەیەکی نزیکدا رەزامەندی دەرببڕن بۆ داینکردنی قۆناغی سێیەمی رێگای دوکان چوارقوڕنە.
وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن دەڵێت ، قوربانییەکانی روداوەکانی هاتوچۆ هەمویان کەسوکاری ئێمەن، من هێندەی کەسوکاری قوربانییەکان خەمبار و خەمناکم، هەمیشە خۆم بەهاوبەشی خەمیان دەزانم، بەڵام ئەو واقعەی ئێستا لەبەردەست وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەیە بەوشێوەیەیەو هەمو هەوڵێک ددەین ئەم پڕۆژانە تەواو بکرێت.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم