زایەڵە - به ئامادهبوونى سهرۆكى حكوومهتى ههرێمى كوردستان، ساڵى نوێى خوێندن دهست پێدهكا و زهنگى دهستپێكى ساڵى نوێى خوێندن لێ درا.
كاتژمێر 8ى بهیانیی ئهمڕۆ سێشهممه 13/9/2022، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن 2023 - 2022 لە قوتابخانەی ئەیلوول لە قەزای بەردەرەش، سەر بە پارێزگای دهۆک لێ درا.
مەسرور بارزانی رایگەیاند، "سەرەڕای قەیرانەکان نەمانهێشت پرۆسەی خوێندن بوەستێت." سوپاسی مامۆستایانیشی کرد کە بەهۆی "قوربانیدانیانەوە پرۆسەی خوێندن بەردەوام بوو."
بارزانی لە گوتارەکەیدا رایگەیاند، لە دوو ساڵی رابردوودا مامۆستایان قوربانیی زۆریان داوە بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی خوێندن.
هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە حکومەت بەردەوام دەبێت لە چارەسەرکردنی گرفتەکانی پرۆسەی خوێندن.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵیان داوە ژێرخانێکی ئابووریی بەهێز بۆ هەرێمی کوردستان دروستبکەن، گوتیشی، "دەمانەوێت ئابوورییەکمان هەبێت دەرفەتی کار بۆ هاووڵاتییان دروست بکات."
مەسرور بارزانی هەموو پاڵپشتییەکی بۆ وەزارەتی پەروەردە دووپات کردەوە. هەروەها لەبارەی کەرتی کشتوکاڵیشەوە قسەی کرد و گوتی، بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو کەرتە "پێویستمان بە زانستێکی باشترە."
مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا گوتی، پێویستە "بەها بەرزەکانی پێکەوە ژیان لە کوردستان بپارێزرێن." بە گوتەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، "بەشێک لە قەیرانەکان بە ئەنقەست بۆ هەرێمی کوردستان دروستکراون، تاوەکو لە پێشکەوتن رایبگرن."
ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان بە بەشداریی یەک ملیۆن و 885 هەزار و 400 قوتابی لە ناوەندەکانی خوێندن دەستیپێکرد.
شەش هەزار و 805 قوتابخانە لە هەرێمی کوردستاندا هەن، بۆ وەرزی خوێندنی ئەمساڵ بەپێی ئەو ئامارانەی وەزارەتی پەروەردە بڵاویکردوونەتەوە، نزیکەی 16 ملیۆن کتێب چاپ کراون.
September 13, 2022