زایەڵە - پرۆسه‌ی پێشکەشکردن بۆ وه‌رگرتنی ده‌رچوانی دوانزه‌ی ئاماده‌یی له زانكۆكانی كوردستان دەستپێدەکات و لە یەکشەمە ڕێکەوتى (2022/9/18) لە سەعات (8)ى بەیانى، زانكۆلاین بۆ ماوەى (10) رۆژ بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى کارا دەکرێت.
د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایدەگەیەنێت، لە سبەینێوە یەکشەمە ڕێکەوتى (2022/9/18) لە سەعات (8)ى بەیانى، وێبسایتی (www.regayzanko.com) بۆ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی، تا سەعات (12)ى شەوى ڕۆژى(2022/9/27) واتە بۆ ماوەى (10) ڕۆژ کارا دەبێت، به‌وه‌ش ده‌رچوانی (12)ی ئاماده‌یی لەو ماویە ده‌توانن فۆرمی وه‌رگرتن له زانكۆ و په‌یمانگه‌كان پڕبكهنهوهو پێشكه‌شی بكه‌ن، هه‌روه‌ك ده‌رچوان ده‌بێت بە بەكارهێنانی هەمان ناوى بەکارهێنەرو وشەى تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسۆرد) كە پێشتر له خوێندنگەکانیان وهریانگرتۆتهوه فۆرمی وه‌رگرتن پڕبكه‌نه‌وه.
بۆ به‌رچاوڕونی زیاترى ده‌رچوانی پۆلی دوانزه‌و ئاشنابونیان بهسیستمهكانی وه‌رگرتن (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران) دەتوانن لەسەر وێبسایتى (www.regayzanko.com) ڕێبەرى وەرگرتن بە وردى بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان، هەروەهاش دەتوانن سەردانى مەڵبەندەکانى ڕاوێژکارى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنى ڕونكردنهوهی پێویست له‌سه‌ر چۆنیه‌تی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن بهسیستمه جیاوازه‌كان، کە ئه‌مه‌ش دهرهفهتێكی گرنگه بۆ ئه‌وه‌ی دەرچوان به‌ر له‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن پێشكه‌ش بكه‌ن و ئاگاداری ورده‌كارییه‌كانی سیستمه‌كه بن و هەوڵ بدەن خودى خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و ڕوو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمى نین و تەنها بۆ دەستکەوتنى بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچوان پڕ دەکەنەوە، چونکە وەزارەت بەرپرس نابێت لەهەر هەڵە و بەشێک کە لەلایەن دەرچوو پێشکەش دەکرێت.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیدەگەیەنێت، وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچوان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە ڕەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار/ قوتابى، بۆیە پێویستە بە وردی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزو دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن. هەروەها پێویستیشە دەرچوانى پۆلى دوانزە هەر لە یەکەم ڕۆژی کاراکردنی زانکۆلاین دەست بکەن بە پێشکەش کردن و کارەکانیان دوا نەخەن بۆ کۆتا ڕۆژەکانی زانکۆلاین.
لە کۆتایدا وەزارەتى خوێندنى باڵا سەبارەت بە هەبونى پەیج و ئەکاونت بەناوى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن، ڕایدەگەیەنێت: ستافى وەرگرتن هیچ جۆرە پەیج و ئەکاونتێکى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیە بەناوەکانى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن یان هەر ناوێکى دیکە، بەڵکو تاکە مینبەرى گەیاندنى ڕێنماییەکانى ئێمە لەڕێگەى سایت و پەیجى فەرمى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییە لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بەم ناونیشانە
(www.facebook.com/KRG.MOHE.Official).
ئامادەکردنی - کامەران کەریم