زایەڵە - عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە؛ پێویستە وەزیری ئەوقاف و وەزارەتەکەی ئاگاداری ئەو ڕاستیە بن کە ئاینو چالاکیە ئاینیەکان موڵکی وەزارەتەکەی ئەو نین.
عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە زایەڵەی ڕاگەیاند، بە پێی بڕگەی (یەکەم) لە ماددەی (دووەم)ی یاسای وەزارەتی ئەوقاف، یەکێک لە ئامانجەکانی وەزارەتەکە، گەشەپێدانی هۆشیاری ئیسلامیو بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری ئیسلامی و پرەنسیپە شکۆمەندەکانیەتی، کەچی بە پێچەوانەی ئەم ئامانجەوە، وەزیری ئەوقاف بە نووسراوی ژمارە (٢٧٣٩) لە (١٨ی ٧ی ٢٠٢٢) داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە کە چالاکیە ئاینیەکانو خولەکانی فێربوونو لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز کۆنترۆڵ بکاتو بەبێ ڕەزامەندی ئەوان ڕێگەیان پێنەدا .
وتیشی، لە چەند ساڵی ڕابردوودا، وەزارەتی ئەوقاف چەندین مامۆستای ئاینی ناوداری لە کاری وتاربێژی دوو خستووەتەوە، زۆرینەی هۆکارەکانیش تەنها ئەوە بووە کە ئەو مامۆستایانە بەدڵی دەسەڵاتو حکومەت قسەیان نەکردووە، پێویستە وەزیری ئەوقاف و وەزارەتەکەی ئاگاداری ئەو ڕاستیە بن کە ئاینو چالاکیە ئاینیەکان موڵکی وەزارەتەکەی ئەو نین تا کەی ویستی و بەو جۆرەی ویستی کۆنترۆڵیان بکات و بە دڵی ئەوان وتار بخوێنرێتەوە و قورئان لەبەر بکرێت، ئاین موڵکی خەڵکی کوردستانەو ئەم ئەرکەش بۆ هیچ دامەزراوەیەک بەجێناهێڵرێت.
ڕونیشیکردەوە، دەبوو لەم دۆخەدا کە کوردستان ڕووبەڕووی شاڵاوێک لە شوێنی پیس و نامۆ بووەتەوە کە کاریان دوورخستنەوەی گەنجانە لە پەروەردەی دروست و ئادابە جوان و بەها باڵاکان و دواجار سەریان لە ئالودەبوون دەردەچێت، کەچی ئەم وەزارەتە نە وەک لەم بوارە قسەی نیە و کار و بەرنامە و پلانی نیە، داواش دەکات وەزارەتی ناوخۆ کۆنترۆڵی قورئان خوێندن و لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز بکات، ئەگەر ئەم نووسراوە، وەزارەتێکی تر بیکردایە، دەبوو وەزارەتی ئەوقاف ببێتە پارێزەری وانە و چالاکییە ئاینیەکان و ڕێگە نەدات، کەچی سەیرە خۆیان لە هەوڵی لەمجۆرەدان .
ئەوەشی خستەڕوو، کام شوێنانە زیانن بۆ کۆمەڵگە ئەوانەی قورئانیان تیا لەبەر دەکرێتو وانەی ئاینیان تیا دەخوێنرێت یان ئەو شوێنانەی دەیانو سەدان کچیان لە وڵاتی ئێرانو لوبنانەوە هێناوەو لەژێر ناونیشانی "گەشتو گوزار"دا لەشفرۆشیو بازرگانی بە مرۆڤیان تێدا دەکرێت لێرەوە داوا دەکەین وەزارەتی ئەوقاف مەبەستەکانی لەم نووسراوە ڕوون بکاتەوەو بە ڕوونی لەم هەنگاوەی پاشگەز ببێتەوە کە پێچەوانەی ئەرکە یاساییەکانی وەزارەتەکەیەتی.
ئامادەکردنی - کامەران کەریم
September 27, 2022