زایەڵە - سولەیمان سۆیڵو وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە تەقینەوەی کانە خەڵوزەکەی پارێزگای بارتن ٤٠ کرێکار گیانیان لەدەستداوە و کرێکارێکیش تاوەکو ئێستا بێ سەروشێنە.
بە گوێرەی هەواڵی ئانادۆڵۆ، سولەیمان سۆیڵو وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە تەقینەوەی کانە خەڵوزەکەی پارێزگای بارتن ٤٠ کرێکار گیانیان لەدەستداوە و کرێکارێکیش تاوەکو ئێستا بێ سەروشێنە.
سولەیمان سۆیڵو لەبارەی دوایین هەوڵەکانی گەڕان و رزگارکردنی دوای تەقینەوەکەی کانی خەڵوز لە بارتن، لێدوانی بۆ رۆژنامەوانان دا.
سۆیڵو ئاماژەی بەوە دا وەزارەتی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان، سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌سات و دۆخه‌ له‌ناكاوه‌كان له‌ توركیا (ئافاد)، بەهاناوەچوونى پزيشكيى نيشتمانى (UMKE) سەربە وەزارەتی تەندروستی، مانگی سووری تورکی و تەواوی دامەزراوەکانی دیکە لە شوێنی رووداوەکەن و رایگەیاند: "لەساتی رووداوەکەوە تاوەکو ئێستا لە قوڵایی ٣٠٠-٣٥٠ مەتر لە ژێر زەویدا هەوڵی زۆر دراوە بۆ دۆزینەوە و رزگارکردنی کرێکارەکانمان".
- "تەرمی ١٤ شەهیدی دیکە دۆزرایەوە، بەمەش ژمارەکە بەرزبووەوە بۆ ٤٠ شەهید"
وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیڵو رایگەیاند کە هەوڵیان داوە دوای رووداوەکە بە وردی رای گشتی ئاگادار بکەنەوە و زانیارییەکان لە کاتی خۆیدا بگەیەنن.
گوتیشی: "دوای راگەیاندنی ٢٦ شەهیدمان تا كاتژمێر ٠٧:٣٠ی بەرەبەیان، تەرمی ١٤ شەهیدی دیکە دۆزرایەوە، بەمەش ژمارەکە بەرزبووەوە بۆ ٤٠ شەهید. سەرەڕای ئەوەی لەوێ ئاگرێك كەوتەوە، تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن فیداکارانە بەردەوام بوون لە کارەکانیان. سوپاسی هەموویان دەکەین. ١١ بریندارمان لە نەخۆشخانەکانن، شەشیان کە بە ئەمبوڵانس رەوانەی ئیستانبوڵ کران لە نەخۆشخانەی گشتیی چام و ساکورا، سێ کەسیان لە نەخۆشخانەی گشتیی بارتن، دووانیشیان لە نەخۆشخانە تایبەتەکاندا چارەسەریی پێویستیان بۆ ئەنجام دەدرێت، یەکێک لە بریندارەکانیش دوای وەرگرتنی چارەسەری رەوانەی ماڵەوە کراوەتەوە.
لە کۆی ١١٠ کرێکار ٥٨ کرێکارمان لە ئەنجامی هەوڵەکانی گەڕان و رزگارکردنی هاوڕێکانمان رزگار کران. یەکێک لە کرێکارەکان تاوەکو ئێستا بێ سەروشوێنە. لە ئێستادا هەوڵەکانی گەڕان و رزگارکردن لەوێ بەردەوامە. هەروەها ناسنامەی ٤٠ کرێکارە شەهیدەکە ئاشکرا کرا".