زایەڵە - مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئێران ڤیزا لەسەر ئەو هاووڵاتی و گەشتیارانە هەڵدەگرێت، کە لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە سەردانی وڵاتی ئێران دەکەن، لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخانیش بڕیارەکە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەم بڕیارە ئەو شۆفێرانەش دەگرێتەوە، کە لە ڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخانەوە بە تانکەر پاشماوەی نەوت بۆ وڵاتی ئێران دەگوازنەوە، واتە لەمەودوا ئەوانیش دەتوانن بەبێ وەرگرتنی ڤیزا بارەکانیان ببەن بۆ وڵاتی ئێران.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایانگەیاند، کە کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاریداوە ڤیزا لەسەر هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵبگرێت، لە ئەمڕۆ ڕێکەتی 2022/10/17 ەوە بڕیارەکە لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان ئاگاداری هەموو هاووڵاتیان و گەشتیاران دەکاتەوە، کە لەئێستادا بەبێ ڤیزا و تەنها بە مەرجی هەبوونی پاسپۆرت (٢٤) کاتژمێر لە بنکەی نشینگەی پەروێزخان مامەڵەی ئەو هاووڵاتی و گەشتیارانە ڕایی دەکرێت، کە دەیانەوێت لەڕێگەی دەروازەکەمانەوە سەردانی وڵاتی ئێران بکەن.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم