زایەڵە - فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادر، رایگه‌یاند، پێده‌چێت پارتی و یه‌كێتی له‌ باره‌ی پۆستی پارێزگاری كه‌ركووك رێككه‌وتبن و به‌غداش لاری له‌وه‌ نییه‌ پارێزگارێكی كورد ئیداره‌ی شاره‌كه‌ بدات.
فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادر سه‌باره‌ت به‌ پێگه‌ی هه‌رێم له‌ پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تدا، به‌ كه‌ناڵی كوردستان 24ی راگه‌یاند: ئه‌مجاره‌ نه‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و نه‌ ره‌وتی سه‌در به‌ بێ كورد نه‌یانتوانی حكومه‌ت پێكبهێنن، بۆیه‌ ئێستا كه‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ كورد گه‌یشتووه‌ته‌ رێككه‌وتن، ده‌توانێت حكومه‌ت پێكبهێنێت. بۆیه‌ ده‌كرێت كورد مه‌رجی خۆی بخاته‌ڕوو.
وتیشی: ئه‌گه‌ر كورد بیه‌وێت سوودیان لێ وه‌ربگرێت، بوونی نه‌وت و غاز و خه‌باتێكی درێژ و كیانێكی ده‌ستووری جێی بایه‌خن و خاڵی به‌هێزن بۆ كورد، یه‌كبوونی كورد زۆر گرنگه‌، ئه‌گه‌ر كورد یه‌ك نه‌بێت لاواز ده‌بێت.
له‌باره‌ی پۆستی پارێزگاری كه‌ركووكه‌وه‌، فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر وتی: ئه‌وه‌نده‌ی له‌ملا و ئه‌ولا باس ده‌كرێت پێده‌چێت جۆرێك رێككه‌وتن له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی هه‌بێت بۆ  پارێزگاری كه‌ركووك، له‌ به‌غداشه‌وه‌ رازیین به‌ پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركووك، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ یه‌كێك دابنێن خزمه‌تی كه‌ركووك بكات و قبووڵكراو بێت لای پێكهاته‌كان، چونكه‌ كه‌ركووك به‌ ته‌نیا كوردیی تێدا نییه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێت پارێزگارێكی كوردی دڵ گه‌وره‌ دابنرێت.
سه‌باره‌ت به‌ كاندیدی پۆستی پارێزگاری كه‌ركووك و ده‌نگۆی كاندیدبوونی، فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادر، ره‌تیكرده‌وه‌، داوای ئه‌و پۆسته‌ی كردبێت و داوای لێ كرابێت و وتیشی: تاقیكردنه‌وه‌كانی پێشوو ده‌ریخستووه‌، مرۆڤ ناتوانێت به‌ پێی دڵسۆزی و بیروڕای خۆی كاره‌كانی ئه‌نجام بدات، به‌ بێ ده‌ستوه‌ردانی ئه‌ملا و ئه‌ولا.
سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی ناوخۆی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، ئه‌و سه‌ركرده‌ دێرینه‌ی یه‌كێتی، وتی: هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌موو لایه‌نه‌ كوردییه‌كان ده‌خوازم، چونكه‌ ئه‌گه‌ر پێش نه‌كه‌ون نه‌هامه‌تی تووشی میلله‌ته‌كه‌مان ده‌بێت. له‌ زۆنی سه‌وز یه‌كێتیی یه‌ك كورسی په‌رله‌مانی هه‌بێت یان شه‌ستی هه‌بێت، هه‌ر باڵا ده‌سته‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیوای باشبوونی بۆ ئه‌خوازم، به‌ڵام گله‌ییشم هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر گله‌ییم نه‌بوایه‌ ئێستا راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و تیمه‌ كارم ده‌كرد.