زایەڵە – وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گفتوگۆیێکی تەلەفوونی لەگەڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا ڕاپۆرت و هەواڵەکان لەمەڕ ناردنی درۆن لە لایەن وڵاتەکەی بۆ ڕووسیای بە بێ بنەما و درۆ ڕاگەیاند.
بە گوێرەی بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوە و جۆزپ بۆرل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا لە گفتگوگۆیێکی تەلەفوونیدا باسیان لە سەر چەند پرسێک لەوانە شەڕی ئۆکراین و دانوستانی ئەتۆمی کرد.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان سەبارەت بە بانگەشەکان لەمەڕ بەکارهێنانی درۆنی ئێرانی لە شەڕی ئۆکراین، وتی: ئێمە لەگەڵ ڕووسیا هاوکاریمان لە بواری بەرگریدا هەیە، بەڵام لە شەڕی ئۆکراین، سیاسەتمان ڕێزگرتن لە یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە، نەناردنی چەک بۆ دوولایەنی شەڕ و کۆتایی هێنان بە شەڕ و ئاوارەیی خەڵکە.
جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە: ئێمە دژی شەڕین و پێدانی درۆن بە ڕووسیا بۆ بەکارهێنانی لە شەڕی ئۆکراین بە تەواوەتی ڕەت دەکەینەوە.