نوێنەرایەتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق- یونامی رۆژی پێنجشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2022، لە راگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند: "یونامی پێشوازی لە متمانەپێدانی حکومەتی عێراق دەکات و ئامادەیی خۆی بۆ پشتیوانیکردنی دووپاتدەکاتەوە".
یونامی دەڵێت، پێشوازی لە متمانەپێدان بە حکومەتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران دەکات و باس لەوەش دەکات، حکومەتی نوێ رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری دەبێتەوە کە پێویستیان بە بڕیاری یەکلاکەرەوە دەبێت، ئەوانیش بریتین لە "چارەسەرکردنی گەندەڵیی سیستەماتیکی عێراق، جێبەجێکردنی چاکسازییە زۆر پێویستەکان، پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی گونجاو بۆ هەموو هاووڵاتییان و فرەچەشنکردنی ئابووری".
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەیدا، نوێنەرایەتیی نەتەوەیەکگرتووەکان داوا لە لایەنەکانی بەشدار لە حکومەت دەکات هانی بەشداریکردنی ژنان و گەنجان لە کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا بدەن، کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بکەن و کۆتایی بە "سزانەدان و لێپرسینەوەی تاوانباران بهێنن" و گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەوڵەت کۆنتڕۆڵبکەن و سەروەریی دەسەڵاتی وڵات بسەپێندرێت".
 لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا، یونامی دەڵێت، نەتەوەیەکگرتووەکان پابەندیی نەگۆڕی خۆی بۆ پاڵپشتیکردنی گەلی عێراق دووپات دەکاتەوە.