زایەڵە - یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "بەهیچ شێوەیەک مووچە دواناکەوێت و لە سەرەتای مانگی 11 دەست دەکرێت بە دابەشکردنی مووچە. "
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (شەممە 29-10-2022) لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند "بەهیچ شێوەیەک مووچە دواناکەوێت و ئەو دەنگۆیانە راست نین کە باس لە دواکەوتنی مووچە دەکەن، لە سەرەتای مانگی 11 دەستدەکرێت بە دابەشکردنی مووچە و وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکان خەریکی ئامادەکردنی لیست و کۆکردنەوەی داهاتن."
لەبارەی چارەسەری کێشەی کەمی داهات لە سلێمانیش، ڕێباز حەملان ئاماژەی بەوەکرد، "چەندین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە و تکا کراوە وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ هێزێکی هاوبەشیان هەبێت لە خاڵە سنوورییەکان بۆ ئەوەی رێگە لە قاچاخچێتی بگرن و داهاتی هەرێمی کوردستان هەمووی وەکو یەک کۆبکەینەوە، داوای ئەوە کراوە وەزارەتی دارایی و ئابووری دەسەڵاتی بەسەر هەموو رسوومات و داهاتەکانی هەرێمی کوردستاندا هەبێت، ئەوان بۆ لەوێ رەخنەکانیان ناگرن و نیگەرانییان دەرنەبڕیوە و بڵێن ئێمە بەوە رازی نابین."