زایەڵە – "سەرکردە هەر هۆکار و بارودۆخێک، مەترسیەک دروستی بکات، بە نەمانی ئەو فاکتەر و مەترسیانە ئاستی جەماوەری لە دەست دەدات."
شوان جاف شرۆڤەکاری سیاسی بە زایەڵەی ڕایگەیاند، سەرکردە ناولێنانێکە بۆ جیاوازی کردن و جیاواز کردنەوەی تواناکانی کەسێک بۆ ڕێبەری کردنی ئەوانی دیکە، بەمەش سیفەت گەلێک لەودا بەرجەستە دەکات کە لە پابندبوونی ئەخلاقیەوە دەست پێدەکات بەرامبەر بەها باڵاکان، تا پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەو دەستە و تاقم و گرووپە...هتد کەواتە سەرکردایەتی کردن بەخشینی کاتەکانی کەسێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی هەموو، لە چوارچێوەی لۆژیک و تێگەشتنێکی واقعیانە کە تیایدا بەها باڵاکان ببنە بنەمای کاری پێکەوەی و هەمووان بە پلە و ئاستی جیاواز بەشداری پێ بکات لەو پرۆسەیەدا کە ڕێکەوتنێکی هاوبەشی فکری یان ئایدۆلۆژی یان نەتەوەی یان مزهەبی هتد، تیادا ئەنجام دراوە.
وتیشی، سەرکردە ئەوەندەی بارودۆخە کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و ئابووریەکان... هتد دەستیان هەیە لە دروست بوونیدا هێندەش قەدەری تاک و کۆمەڵگە ڕۆڵ دەبینێ لە دروست کردنی ئەو پرۆسەدا، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی مەعریفی و دونیابینی ئەوانی دی کە پابەند دەبن بە سەرکردایەتی کەسێک لە تێگەشتنی جیاواز لە بەردەم یەک مەترسی حەتمیدا، ئەویش مانەوەیە لەو ژینگەی مەترسی لەدەست دانی بەها باڵاکانی تیادا لە مەترسی جدیدان. سەرکردە هەر هۆکار و بارودۆخێک، مەترسیەک دروستی بکات، بە نەمانی ئەو فاکتەر و مەترسیانە ئاستی جەماوەری لە دەست دەدات، ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستیەی وەک ماکیافیلیەکان، هەزار و یەک ڕێگا هەیە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، بەڵام تەنها یەک ڕێگا و دەرفەت هەیە بۆ مانەوەی سەرکردە و دەسەڵاتەکەی لە ناو ئەوانی دیکەدا ئەویش ( ڕاستگۆی، دەست پاکی، خاکیبوون، وەفاداری، دڵسۆزی، پاراستنی ئەو بەها و ئامانجەی مشروعیەتی بەو سەرکردایەتیە داوە) هەر ئەمەشە قەدەری سەرکردە لە چوارچێوەی سەرکردایەتیەکەیدا دیاری دەکات، کەواتە بەردەوامی سەرکردایەتی بەندە بەمانەوەی سیفەتەکانی سەرکردە دوای بەدەست هێنانی سەرکردایەتیەکەی، ئەمەش ئەو قسە باوە سیاسیەمان بە بیر دێنێتەوە دەڵێت پاسێک بدە بە بەرامبەرەکەت تا مەهارەی گۆڵ کردنی هەڵبسەنگێنین .
باسی لەوەشکرد، هەڵسەنگاندنی سەرکردە ئەوەندەی کات و شوێن تحکم دەکەن بۆ بەدەست هێنانی دەرئەنجام، دوو هێندە ئەو تیمە دەرئەنجامەکانمان نیشان دەدەن کە لە دەوری سەرکردە بەشداری جێبەجێ کردنی ئەرک و فەرمانەکانی سەرۆک دەکەن، چونکە تیمی باش و شیاو و شایستە و لێزان توانای بیرکردنەوەی سەرۆک فراونتر دەکەن بۆ سەرکردایەتیەکی باشتر، ئەمەش ئاستی متمانەی تاک و گروپ جێگیر تر دەکات بۆ سەرکردە، بەپێچەوانەشەوە تیمی لاواز و کەم ئەزموون و بێ منەت سەد هێندەی مەترسیە دەرەکیەکان پایەی سەرکردە و سەرکردایەتیەکەی دەخاتە مەترسیەوە، بۆ گەواهی ئەم ڕاستیە چاوێک بەمێژوودا بگێڕین چیرۆک گەلێک لە دەرباری سوڵتان و سەرۆک و سەرکردەکان دەبینینەوە، کە دەتوانین وەک پێوەرێک و فلسەفەیەکی حکومڕانی لێی بڕوانین تا وەک نموونەیەکی تەجروبە کراو مامەڵەی لەگەڵ بکەین سەرنجتان ڕادەکێشم بۆ مێژووی کۆنی دەوڵەتی ئیسلامی ئەوە (تاریقی کوڕی وەرتارە) کە لە رەوزەی عائیشەی خێزانی پەیامبەر (د.خ) بەر خزمەتکاربوو، جەنگی عەلی و عائیشە و معاویەی گەیاندە ئەو خوێن ڕشتنەی کە ١٤٤١ ساڵە مێژووی ئیسلامی پێوەی دەتلێتەوە ، هەروەک (ئێشک ئاغاسی) دەرباری شاه عەباسی سەفەوی کەڵکەڵەی بیرۆکەی کوشتنی شاه تەهماسی باوکی خستە مێشکی شاه عەباس و پێشی ئەنجامدا دواتریش هەر ئاغاسی شاه عەباسی هاندا محەمەد کوڕی لەبەردەم گەرماوی گەنجانی شاری ئەسفهاندا کوشت و لە کۆتای تەمەنیدا شاه عەباس دەچووە نێوان گۆڕی باوک و کوڕی و بەدەستەکانی ڕوخساری خۆی دەڕنی بۆ ئەو هەڵەی ئەنجامی دابوو، یان سەیری مێژووی دەوڵەتی عسمانی بکەین دەبینین، (تووتکین) برای شاه عسمانی بابی ئارتغول بە دەستەکانی خۆی توتکینی برای کوشت ئەم خوێن ڕشتنە تا ٤٠٠ ساڵ حکومی خلافەتی کرد،لەسەردەمی شاه سلێمانی قانونی پانزە هەمین خەلیفەی عسمانی، خەلیفە بە پیلانگێڕی (ڕۆستەم پاشای زاوای) لوتفی پاشا و ابراهیم پاشای زاوایی لە ناوبرد ، (محمود زاڵ) پاسەوانی تایبەتی سوڵتان سلێمان بە بوختانێک مستەفای کوڕە گەورەی سوڵتانی لەبەردەم سوڵتاندا خنکاند ! دواتر ١٩ کوڕ و کوڕەزای شاه سلێمانی قانونی لە حەرەمی سوڵتاندا قەتلوعام کران، ئەمانەو سەدان چیرۆکی دیکە بەسەرهاتی سەرای سوڵتانەکانە بەهۆی هەڵبژاردنی مرۆڤی خراپ بۆ حەرەمی سوڵتان کۆتای دەسەڵاتیان بە شێوەی جەلادێک مێژوو ناوزەندیان دەکات نەک سەرکردەیەک.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم