زایەڵە - ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر نوێكردنەوەی گرێبەستی 502 كارمەندی تەندروستی دەربڕی و سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كارمەندانی تەندروستیش رایدەگەیەنێت، بە زارەكی لەلایەن وەزارەتەوە ئاگاداركراینەوە گرێبەستەكانیان بۆ نوێ دەكرێتەوە.

بەپێی نووسراوێكی ئەنجومەنی وەزیران كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی زایەڵە كەوتووە و واژووی سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی لەسەرە و تێیدا رەزامەندی بە نوێكردنەوەی گرێبەستی 502 پەرستاری زانكۆ و یاریدەدەری سڕكار بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكانیان دراوە.

لە نووسراوەكەدا هاتووە، پێداچوونەوە بە بواری پسپۆڕی و شوێنی كاركردنیان بكرێت لەگەڵ هۆكاری درێژكردنەوەی گرێبەستی كاركردنیان لە كاتێكدا كە دامەزراندنەكە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە و لە ئێستادا ئەم ڤایرۆسە بووەتە پەتایەكی وەرزی و كاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتییان نەماوە.

هاوكات هاوژین عوسمان سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بە زارەكی لە لەلایەن وەزارەتەوە ئاگاداركراوینەتەوە گرێبەستی كارمەندانی تەندروستی نوێدەكرێتەوە.