زایەڵە - کۆمپانیای ئه‌تڵه‌س ئه‌سیڵ بەهاوکاریی ژووری بازرگانیی‌و پیشەسازیی سلێمانی، چوارهەمین پێشانگای کتێب لەپێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی دەکاتەوە، به‌ڕێوەبه‌ری كارگێری‌و په‌یوه‌ندییه‌كان له‌كۆمپانیای ئه‌تڵه‌س ئه‌سیل دەڵێت “پێشبینی ده‌كه‌ین ٢٥٠ ناوه‌ندی چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی ناوخۆو دەرەوەی کوردستان بەشداری پێشانگاکە بکەن.

د.شه‌وقی عومه‌ر، به‌ڕێوەبه‌ری كارگێری‌و په‌یوه‌ندییه‌كان له‌كۆمپانیای ئه‌تڵه‌س ئه‌سیل بەڕۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” راگەیاند له‌ئێستادا ته‌واوی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ كردنه‌وه‌ی چوارهه‌مین پێشه‌نگای تایبه‌ت به‌كتێب له‌شاری سلێمانی ته‌واو بووه‌، هۆڵه‌كان پڕكراونه‌ته‌وه‌و بڕیاره‌ سه‌رجه‌م میوانه‌كان ئاماده‌بن له‌كاتی خۆیدا، ئەو وتی “كاره‌ ته‌كنیكی‌و ئیداری‌و میدیاییه‌كان ته‌واو بوون، ڕیكلام كردن ده‌ستیپێكردوه‌، له‌ڕێگه‌ی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانیه‌وه‌ داوە‌تنامه‌ نێردراوه‌ بۆ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان‌و به‌رپرسانی حیزبی‌و حكومییه‌كان‌و ١٧ / ١١ پێشانگەکە دەکریتەوە.

وتیشی “زیاتر له‌ ٢٠٠ ناوه‌ندی چاپ‌و بڵاوکردنەوە به‌شدارن، له‌سه‌دا ٥٥ی ناوه‌نده‌كانی چاپ‌و بڵاوکردنەوە كه‌ له‌پێشه‌نگادا به‌شدارن ناوخۆین، له‌سه‌دا ٤٥یش ناوه‌نده‌كانی چاپ‌و بڵاوکردنەوەی ده‌ره‌وه‌ی عێراق‌و هه‌رێمی كوردستانن”‌.

سەبارەت بەوەش کە ئەمساڵیش وەک ساڵانی ڕابردوو داشکاندن‌و ئۆفەر پێشەکەشی خوێنەران دەکەنم د.شەوقی وتی “ساڵانه‌ ئێمه‌ كردومانه‌ به‌كلتور ئه‌و كتێبخانه‌و ناوه‌ندانه‌ی چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ كه‌ له‌ناوخۆی هه‌رێم‌و عێراق‌و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ به‌شدار ده‌بن، هه‌موویان داشكاندیان ده‌بێت، به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر باش، لەبنەڕەتدا بیرۆكه‌ی سه‌ره‌كی كردنه‌وه‌ی ئه‌م پێشانگایه‌ بۆ به‌كلتوركردنی خوێندنه‌وه‌و داشكاندنه‌.

دەربارەی ئەو سیمینارو کۆڕبەندانەی ئەمساڵ ساز دەکرێن، د.شەوقی وتی “سیمنارو كۆڕه‌كان هه‌ندێكیان تایبه‌تن به‌هۆشیاری گشتی‌و ژینگه‌یی‌و ئاژه‌ڵدۆستی‌و گرنگی كتێب‌و هۆشیار كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگاو كۆڕی شیعری‌و ناساندنی كتێب‌و چه‌ندین بابه‌تی دیكه‌ی رۆشنبیری.

وتیشی “كردنه‌وه‌ی پێشه‌نگای نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به‌كتێب پێداویستیه‌ك بوو كه‌ چه‌ندین ساڵ بیری لێكراوه‌تەوە، ئه‌مساڵیش چوارهه‌مین ساڵه‌ كه‌ پێشه‌نگا ده‌كرێته‌وه‌، وه‌ك ئاشكرایه‌ شاری سلێمانی پایته‌ختی ڕۆشنبیریه‌، كه‌ چه‌ند ساڵێكی كه‌مه‌ ئه‌م نازناوه‌ی پێبه‌خشراوه‌، به‌ڵام ساڵانێكی زۆره‌ سلێمانی به‌كردار پایته‌ختی رۆشنبیری‌و بزاڤی سیاسی‌و فه‌رهه‌نگی‌و كلتوری‌و سیاسی‌و هونه‌ری‌و رۆشنبیری بووه‌، بۆیه‌ ئه‌م پێشه‌نگایه‌ گرنگ‌و پێداویستییه‌كی هه‌نوكه‌ییه‌ بۆ سه‌رجه‌م زانكۆ حكومی‌و ئه‌هلییه‌كان‌و نوسه‌رو رۆشنبیرانی شار.

د.شەوقی ئاماژە بەوە دەکات هاوڵاتیان دەتوانن لەپاڵ سەردان کردنی پێشەنگای کتێب بازاڕیش بکەن لەپێشانگاکەدا، ئەو وتی “هاوكات له‌گه‌ڵ پێشه‌نگای كێتب له‌به‌شی VIP، پێشه‌نگای نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی ڤیستیڤاڵی پایز بۆ بازاڕكردن ده‌كرێته‌وه‌، كه‌ پێداویستیه‌كانی ژیانی رۆژانه‌ی هاوڵاتیان به‌رده‌ست ده‌بێت، له‌خۆراك‌و ئامێری كاره‌بایی‌و پێداویستی ناوماڵ.

وتیشی “پێشبینی دەکەین ژمارەیەکی بەرچاو لەھاوڵاتیان سەردانی پێشانگاکە بکەن، ئێمه‌ هیوادارین ئه‌مساڵ له‌هه‌موو ساڵانی رابردوو زیاتر هاوڵاتیان به‌شدار بن، پێشبینی ده‌كه‌ین ژماره‌ی سه‌ردانیكه‌ران به‌سه‌دان هه‌زار هاوڵاتی بێت، له‌سه‌رجه‌م شارو شارۆچکه‌كانی كوردستان‌و ناوه‌ڕاست‌و باشوری عێراق به‌شدار بن له‌پێشه‌نگاكه‌، بۆ هاوڵاتیانی شاری سلێمانیش ئه‌مساڵیش هێڵی پاسه‌كانی تاسلوجه‌ ته‌رخان كراوه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی هاوڵاتیان، له‌هه‌ر شوێنێكی شه‌قامی سالم هاوڵاتی سواری پاس بێت ده‌هێنرێته‌ به‌رده‌م پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی، له‌ناو پێشا‌نگاکەشه‌وه‌ هاوڵاتیان دەتوانن سواری پاس بن‌و بگه‌ڕێننه‌وه‌ ناو شار به‌ بێ ئه‌وه‌ی پێوستیان به‌ته‌كسی‌و هێنانی ئۆتۆمبێل بێت.