زایەڵە – دیداری مامۆستا جەمال بێدار هەورامی لە هەڵەبجە بەڕێوەچوو.
لە پارێزگای هەڵەبجە لە هۆڵی مۆنۆمێنتی شەهیدانی كیمیاباران، دامەزراوەی كەریمی عەلەكە بە چاودێریی وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دیداری مامۆستا جەمال بێدار هەورامی، بۆ ئەدەب و كولتووری هەورامان بەڕێوەبرد.
لەدیدارەكەدا، حەمەی حەمە سەعید وەزیری رۆشنبیری و لاوان و ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە و د. موحسین ئەدیب بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی و محەمەد فەتاح بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە و چەندین هونەرمەند و رووناكبیر و كەسایەتی و میوانان ئامادەی بوون، چەندین توێژینەوەی زانستی دەربارەی مێژوو و جوگرافیا و ئەدەبیات و هونەر و زمان و چەند پرسی تری تایبەت بە هەورامان، بە بەشداریی نووسەرانی رۆژهەڵات و باشووری كوردستان پێشكەشكران.
وەزیری رۆشنبیری و لاوان لە سەرەتای دیدارەكەدا وتەیەكدا، سەرەتا ئاماژەی بەو ڕووداوە كارەساتبارەی ئێوارەی17/11/2022ی شاری سلێمانی كرد كە بوویە هۆی قوربانییەكی زۆر و لەناخەوە هەمووانی خەمبارو ماتەمگێڕكرد.
هەروەها دەستخۆشی لەڕێكخەرانی دیدار و دامەزراوەی كەریمی عەلەكە كرد و هیوای خواست بەردەوامبن لە پڕۆژەو چالاكییە ڕۆشنبیرییەكانیان، وەك چۆن لەڕابردوودا پشتیوان و هاوكاربووین هەمیشە بەردەوام دەبین، هەروەها دەستخۆشی تایبەتی ئاراستەی د.تەها ڕەسوڵ كرد وەك كەسایەتییەكی خەمخۆری ڕۆشنبیری و فەرهەنگ و كلتوور بەردەوام خزمەتی كردووە.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم