زایەڵە - پەرلەمانتارێک لەڕێگای زایەڵە نوێترین زانیاری دەربارەی کردنەوەی بانکی رشید و رافدین لە هەرێم خستەڕوو.
د. نەرمین معروف ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بەزایەڵەی ڕاگەیاند، بۆ دووبارە کردنەوەی لقەکانی بانکی رافدین و رشید لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کە لەدوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ هاوشێوەی سەرجەم دامەزراوەکانی حکومەتی ناوەند لە هەرێم کشانەوە.. لەماوەی رابردوو بەچەند نووسراوێک داوامان لە بانکی ناوەند و رافدین و وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کردووە بۆ دەربڕینی رەزامەندی .
ناوبراو وتیشی، لەم چوارچێوەیەشدا سەبارەت بە بانکی رافدین نوێترین نووسراوی ئاراستەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا کردووە بەمەبەستی وەرگرتنی رەزامەندی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم .
ئەوەشی خستەڕوو ، سەبارەت بە بانکی رشید بەپێی نووسراوێکی بانکی ناوەند لەوەڵامی چەند پرسێارێکمان پەیوەست بە سیاسەتی نەقدی و کەرتی بانکی، ئاماژەیان داوە بەوەی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم رەزامەندی سەرەتایی دەربڕیوە بۆ کردنەوەی لقەکانی ئەو بانکە لە شارەکانی هەرێم .
ئامادەکردنی- کامەران کەریم