زایەڵە - سه‌نته‌رى زاخۆ بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ى كوردى له‌ فاكەڵتى زانسته‌ مرۆڤاتيیه‌كانى زانكۆى زاخۆ به‌ هاوكارى ئيداره‌ى سه‌ربه‌خۆى زاخۆ، له‌ رێوره‌سمێكدا بۆ يه‌كه‌مين جار پرۆژه‌ى چاپکردنی به‌رهه‌م و ديوانى ٣٦ شاعيرى ده‌ڤه‌رى بادينانی راگه‌ياند.
سەرۆکی سه‌نته‌رى زاخۆ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ى كوردى له‌ فاكەڵتى زانسته‌ مرۆڤاتيیه‌كانى زانكۆى زاخۆ، عەبدولسەلام نەجمەددين عەبدوڵڵا بۆ‌ ئاژانسى ئانادۆلو ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ بۆردى زانستى سه‌نته‌ره‌كه‌يان سێ ساڵ پێش ئێستا بيری له‌وه‌كردووە كه‌ به‌رهه‌مى چه‌ندين شاعيرى ده‌ڤه‌رى بادينان به‌ چاپ بگه‌ينێت و گوتى: "ده‌مانويست له‌ پڕۆژه‌يه‌كى گه‌وره‌دا بوژانه‌وه‌ بۆ ده‌ستنووسى شيعره‌كانى شاعيرى ده‌ڤه‌رى بادينان بده‌ين بۆيه‌ له‌ هه‌موو ناوچه‌كانى بادينان وه‌ک به‌رده‌ره‌ش، ئاكرێ، ئامێدى، زاخۆ و ناوچه‌كانى دیکە به‌رهه‌مى ٣٦ شاعيرمان له‌ ديواندا به‌ چاپ گه‌ياند".
سه‌نته‌رى زاخۆ بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ى كوردى له‌ فاکەڵتی زانسته‌ مرۆڤاتيیه‌كانى زانكۆى زاخۆ ساڵى ٢٠١٧ دامه‌زراوه‌، تاوه‌كو ئێستا شه‌ش كۆنفرانسيان ئه‌نجامداوه‌ له‌گه‌ڵ ٢٠ سیمپۆزیۆم و ٩١ كتێبيشیان چاپ كردووه‌.
عەبدولسەلام نەجمەددين عەبدوڵڵا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ له‌م قۆناغه‌دا ئه‌وان توانيويايه‌ به‌رهه‌مى ٣٦ شاعيرى ده‌ڤه‌رى بادينان چاپ بكه‌ن و به‌رده‌وام شاعيره‌كانى ناوچه‌كه‌ په‌يوه‌نديان پێوه‌ ده‌كه‌ن بۆ چايكردنى به‌رهه‌مه‌كانيان.
سه‌نته‌رى زاخۆ بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ى كوردى ١٥ به‌رهه‌مى دیکەى له‌سه‌ر مێژووى كوردى له‌ زمانه‌كانى رووسى و فەره‌نسى و ئينگليزى وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانى كوردى و چاوه‌ڕێى پيشتيوانى و سپۆنسه‌رێک ده‌كات بۆ به‌چاپگه‌ياندنى ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ش.
سوزان عه‌بدوڵڵا كه‌ به‌رهه‌مى باپيرى به‌ ناوى زكرى حه‌بيب ته‌مه‌ر چاپكراوه‌ ئاماژەی به‌وه‌دا كه‌ ئه‌وه‌ نزيكه‌ى دوو ساڵ ده‌بێت ئه‌وان هه‌ماهه‌نگيان له‌گه‌ل سه‌نته‌رى زاخۆ بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ى كوردى كردووه‌ و هه‌موو به‌رهه‌مى ده‌ستنووسى باپيريان کە له‌ ماڵەوەدا ئه‌رشيفكرابوون داوه‌ته‌وه‌ سه‌نته‌ره‌كه‌ و به‌ چاپ گه‌يەندرا و جێگاى سوپاسى و ده‌ستخۆشىیيه‌ ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ بۆ خوێنه‌رانى شعير و ده‌بێته‌ هۆى ده‌وڵه‌مه‌ندبوونى كتێبخانه‌ى كوردى به‌ تايبه‌ت بوارى ئه‌ده‌بيات و شيعر.
ئەم ٣٦ دیوانەی ئەمرۆ لە لایەن سەنتەری زاخۆ بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی چاپکراون، ناوەڕۆکی نووسینەکانی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ٢٠ی زاینیی و زۆربەی بەرھەمەکان بە زمانی کوردی و ھەندێکیشیان بە زمانی عەرەبی و فارسین، زۆرینەی شیعرەکان بە شێوازی کلاسیکی نوێ و ژمارەیەکی کەم بە شێوازی نوێخوازن و بۆ یەکەمین جارە ئەم دیوانانە لە دەستنووسەوە دەکرێنە بەرھەم و دیوان و چاپ دەکرێن، لەم دیوانانەدا جگە لە بڵاوکردنەوەی شیعرەکانیان بە کورتی ژیاننامەیان نوووسراوە.