زایەڵە - ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەی دا بە کاندیدانی هەردوو پۆستی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان و وەزارەتی ژینگە.

ئەمڕۆ شەممە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، لە میانی دانیشتنی ژمارە ١٥ لە وەرزی دووەمی یاسادانان لە ساڵی یەکەم لە خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پرۆسەی متمانەدان بە کاندیدانی هەردوو پۆستی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان و وەزارەتی ژینگە لە حکوومەتی عێراق بەڕێوەچوو.

هەریەک لە بەنگین عەبدوڵڵا رێکانی لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان و نزار محەمەد سەعید ئامێدی لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پۆستی وەزارەتی ژینگە لە حکوومەتی عێراق متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان پێدرا.

رۆژی ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەی دا بە ئەندامانی کابینە و بەرنامەی کاری حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی کە لە ٢٣ وەزارەت پێکهاتووە.

لەو دانیشتنەدا لە کۆی ٢٣ وەزارەت، کاندیدی ٢١ پۆستی وەزاری خرایە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران و بە زۆرینەی دەنگ متمانەیان پێدرا.

لە کۆی ٢٣ وەزارەتەکەی حکوومەتی عێراق، ١٢ بۆ شیعە، شەش بۆ سوننە، چوار بۆ کورد و وەزارەتێکیش بۆ پێکهاتەکان بوو.

ئەوکات کاندیدی هەریەک لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان و وەزارەتی ژینگە کە پشکی کوردە، بەهۆی یەکلایی نەبوونەوەی کاندیدەکانیان نەخرانە دەنگدانەوە.

دوای رێكکەوتنی پارتی و یەکێتیی لەسەر ئەم دوو پۆستە وەزارییە کە پارتی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان و یەکێتیی پۆستی وەزارەتی ژینگەی وەرگرێت، لە بەرامبەردا بڕیارە پارتی پۆستی راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئێزدییەکان وەربگرێت.

بەنگین رێکانی کە بووە وەزیری ئاوەدانکردنە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان، لە کابینەی حکوومەتی پێشووتری عێراق بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی لە هەمان پۆستدا بوو، هەروەها نزار ئامێدی لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرکۆماری عێراقە.