زایەڵە - بێستون سابوراوایی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەزایەڵەی ڕاگەیاند، یاسای ڕێگرتن لە دوو ژنە و فرەژنی لە هەرێمی کوردستان ،دەربڕینی لوتکەی هەستی مرۆڤایەتیە بەرانبەر مافە شەخسیەکانی خانمان لە کوردستان ئەگەر کاریگەری نێگەتیڤیشی هەبێت لەسەر خستنەوەی وەچەی زیاتر..بەڵام چارەسەری تر زۆرە بۆ گەشەپێدانی ژمارەی دانیشتوانی کورد کە لە دواڕۆژدا لەوانەیە پێویستمان پێی هەبێت لە عێراقدا یان دوای دروستکردنی قەوارەی سەربەخۆی خۆمان.
وتیشی، کەمی وەچەخستنەوە لە ناو خێزانەکانی شار زۆر زەق بووەتەوە بە بەراورد بە ڕێژەی وەچە خستنەوە لە لادێکانماند. لە کۆی گشتیشدا گەشەی ساڵانەی دانیشتوانی کوردستان لەخوار ڕێژەی %3یە لە کاتێکدا لە عێراقی عەرەبی لەسەروو 3%یە. ئەوەش وا دەکات لە داهاتوودا کەمبوونەوەی ڕێژەی کورد بەرانبەر ئەوانی تر لە عێراقدا زیانی ئابوری و ئاساییشی و بەرگریی و سیاسی و حوکمداری بە خۆمان بگەیەنێت.
ڕونیشیکردەوە، بەڵام لەگەڵ مانەوەی یاساکانی لا خۆمان کە بەرگری دەکەن لە مافەکانی ژنان لەوبارەیەوە و ڕێگەنەدان بە گۆڕینی ئەو یاسایانە چەندین ڕێگە چارەی تر هەیە بۆ چارەسەر و ،دیارترینیان باشتر کردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتی کوردستانیە و هاندانی وەچەخستنەوەی زیاتر بەپێی یاسا ، کە گرنگترینیان لە ئەستۆگرتنی خەرجیەکانی منداڵبوون و بەخێوکردنی منداڵە بە پێدانی مینحەی منداڵبوون و پێدانی دەرماڵەی هەڵکشاوە بۆ هەر منداڵێکی تازەلەدایکبوو لەگەڵ دابینکردنی مۆڵەتی گونجاو و دەستەبەری تەندروستی بۆ دایکانی شیردەر و دەستەبەرکردنی هەلی کار و خانووی نیشتەجێ بۆ ئەو کوڕوکچانەی هاوسەرگیری دەکەن.و پیادەکردنی زۆر ڕێگە وشوێنی هاندانی تریش بۆ زیادکردنی زاووزێ. هەڵکشانی ژمارەی دانیشتوانی کورد دوور لە فرەهاوسەری.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم