زایەڵە - "شەهرام عەلیدی" سیناریۆنووس و دەرهێنەری کوردی ئێرانی دانیشتووی وڵاتی فەڕەنسا و "ئێلاهه نه‌وبەخت" بەرهەمهێنەر و پەخشکه‌ره‌وه‌ی ئێرانی، به هاوڕێیه‌تی لەگەڵ دادوەرانێک له وڵاتانی ئەڵمانیا و سوید؛ بەرپرسایه‌تی دادوه‌ری به‌رهه‌مه‌کانی بەشی کێبڕکێی "سینەمای جیهان" لە نۆهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" له ئه‌ستۆیان دایه.
لە لایه‌ن ئەندامانی دەستەی ناوبژیوانانی بەشی رکابه‌ری "سینەمای جیهان"ی ئەم فێستیڤاڵە، ته‌ندیس، له‌وحه‌ی رێزلێنان و خەڵاتی ١٠ هەزار دۆلاریی "یۆڵماز گۆنای" به باشترین فیلمی درێژی سینه‌مایی، خەڵاتی 5 هەزار دۆلاری بۆ باشترین دەرهێنانی فیلمی درێژی سینه‌مایی، خەڵاتی 5 هەزار دۆلاری بۆ باشترین کورتە فیلمی نێوده‌وڵه‌تی، خەڵاتی 5 هەزار دۆلاری بۆ به‌هره‌ی نوێ، خەڵاتی 1500 دۆلاریی ئەندامانی دەستەی دادوەران بۆ باشترین کورته فیلم و خەڵاتی 5 هەزار دۆلاریی ئه‌نیستیتۆی "گۆته"ی ئه‌ڵمانی بۆ باشترین به‌ڵگه‌فیلمی نێوده‌وڵه‌تی پێشکه‌ش ده‌کرێت.
بەشی کێبڕکێی "سینەمای جیهان":
ئەندامانی لیژنەی ناوبژیوانانی بەشی پێشبڕکێی "سینەمای جیهان"ی نۆهەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" بریتین لە؛ "سۆلین یووسف" Soleen Yusef دەرهێنەری کوردی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا ـ سه‌رۆکی دەستەی دادوەران، "شەهرام عەلیدی" بەرهەمهێنەر، سیناریۆنووس و دەرهێنەری کوردی ئێرانی دانیشتووی وڵاتی فەرەنسا، پرۆفیسۆر "ماگنوس بارتاس" Magnus Bärtås توێژەر و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی سوید، "ئیلاهه نه‌وبەخت"، بەرهەمهێنەر و بڵاوکه‌ره‌وه‌ی فیلم و به‌رهه‌می سینه‌مایی لە وڵاتی ئێران و دکتۆر "مەهدی ئومێد" سیناریۆنووس و دەرهێنەری کوردی دانیشتووی وڵاتی سوید.
بەشی کێبڕکێی "سینەمای کوردی":
"ئەندامانی دەستەی ناوبژیوانانی بەشی کێبڕکێی "سینەمای کوردی" ئەم خوله‌ی
فێستیڤاڵه‌که بریتین لە؛ "مارکۆس تێلێچیا" Marcos Tellechea بەرهەمهێنەر لە وڵاتی بەڕازیل ـ سه‌رۆکی لیژنه‌ی دادوەران، "بورهان ئۆزکان" Burhan Özkan بەرهەمهێنەر لە وڵاتی تورکیا، "موریێل ئەبولرووسیس" Muriel Aboulroussis به‌ڕێوه‌به‌ری وێنه‌گرتنی فیلم لە وڵاتی لوبنان، "هوشیار زیرۆ نێروه‌یی" Hishyar Zero Ahmad ئەکتەر و دەرهێنەر لە هەرێمی کوردستان و دکتۆر "که‌وسەر عەلی جەباره" Kawthar M. Ali Jabara مامۆستای زانکۆ و ڕەخنەگر لە وڵاتی عێراق.
بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلم":
ئەندامانی لیژنەی ناوبژیوانانی بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلم"ی نۆهەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" بریتین لە؛ "جێنیفەر مالمکوئیست" Jennifer Malmquist سیناریۆنووس و دەرهێنەر لە وڵاتی سوید ـ سەرۆکی دەستەی دادوەران، "ئەبووزه‌ر ئەمینی" Aboozar Amini دەرهێنەری ئەفغانستانی نیشتەجێی وڵاتی هۆڵەندا و "محەمەد شێخۆ" Mohammad Shaikhow له هەرێمی کوردستان.
بەشی کێبڕکێی "به‌ڵگه‌فیلمی دۆکیۆمێنتاری":
ئەندامانی دەستەی ناوبژیوانانی بەشی پێشبڕکێی "به‌ڵگه‌فیلم"ی ئه‌م خوله‌ی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" بریتین لە: "پاکستۆن وینتەرز" Paxton Winters دەرهێنەر لە وڵاتی ئەمریکا ـ سەرۆکی لیژنەی دادوەران، "ئانائیس بۆیلیکه" Anaïs Boelicke دەرهێنەری فیلم و به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌نیستیتۆی "گۆته" لە عێراق که خەڵکی وڵاتی ئەڵمانیایە و "ڕێبەر دۆسکی" Reber Dosky دەرهێنەری کوردی دانیشتووی وڵاتی هۆڵەندا.
خەڵاتی فیپەرشی:
ئەندامانی لیژنەی ناوبژیوانانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕەخنەگرانی فیلمی "فیپه‌رشی" FIPRESCI بریتین لە؛ دکتۆر "سێباستیان سێن" Sebahettin Sen توێژەر و مامۆستای زانکۆ ـ سەرۆکی دەستەی دادوەران لە تورکیا، "جولیا دۆبرێ" Guilia Dobre مرۆڤ‌ناسی وێنه‌یی بینراو و ڕەخنەگر له وڵاتی ڕۆمانیا و "ڤاسیلیس کێچاگیاس" Vassilis Kechagias ڕەخنەگر لە وڵاتی یۆنان.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" بە سەرۆکایەتی "ئەمیرعەلی محەمەدتاهیر" و به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونەریی "شەوکەت ئەمین کۆرکی" به یادی "یۆڵماز گۆنای" Yılmaz Güney سینه‌ماکاری کورد و دەرهێنەری براوه‌ی چڵه خورمای زێڕینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان"ی فه‌ره‌نسا (1982) و بە ئامانجی دروستکردنی پردی په‌یوه‌ندی لە نێوان دەرهێنەرانی کورد و ده‌رهێنه‌رانی سه‌رتاسه‌ری جیهان و دروستکردنی ئاڵوگۆڕی کولتووری لە نێوان گەلان و میله‌ته‌کانی جیهاندا دامەزراوە.
نۆهه‌مین خولی ئەم بۆنە و رووداوه سینه‌ماییه به بابه‌ت و تەوەری "کۆچ" و به نمایش کردنی 97 بەرهەم، لە چوارچێوه و شێوەکانی فیلمی درێژی سینه‌مایی، کورتە فیلم و به‌ڵگه‌فیلم لە بەشەکانی رکابه‌ری و ده‌ره‌وه‌ی رکابه‌ری لەوانە؛ بەشی کێبڕکێی "سینەمای جیهان" پێکهاتوو لە؛ 9 فیلمی درێژی سینه‌مایی، 8 فیلمی به‌ڵگه‌یی دیکۆمێنتاری و 11 کورتە فیلم، بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردی" پێکهاتوو لە؛ 5 فیلمی درێژی سینه‌مایی، 6 به‌ڵگه فیلمی دیکۆمێنتاری و 15 کورتە فیلم، بەشی "ڕوانگەی سینەمای جیهان" پێکهاتوو لە؛ 6 فیلمی درێژی سینه‌مایی، 4 به‌ڵگه فیلم و 3 کورتە فیلم، بەشی "پانۆڕامای سینەمای کوردستان" بریتییه له 19 کورتە فیلم، بەشی "نمایش‌کردنی تایبەتی سینەمای سوید" بریتییه له 9 فیلمی درێژ و هه‌روه‌ها له به‌شی "نمایش کردنی تایبەتی سینەما" 1 فیلمی درێژ و 1 به‌ڵگه‌فیلمی دۆکیۆمێنتاری لە رۆژانی 10 تا 17ی مانگی سه‌رماوه‌ز رێکه‌وتی 1 تا 8ی دێسامبه‌ر/ کانوونی یه‌که‌می 2022 لە شاری دهۆک لە هه‌رێمی کوردستانی عێراق بەڕێوەچوو.