زایەڵە - سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کاتییە و بەهۆی گۆڕینی میکانیزمی کڕین و فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دروستبووە.
نوسینگەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، حکومەت سوورە لەسەر پابەندبوونی خۆی لەسەر پاراستنی سەقامگیری بازاڕی ناوخۆیی، ئەمەش لە رێگەی پشتیوانی کردنی جێگربوونی نرخی دۆلارە بەرامبەر دینار. بەمەش پشتیوانی لە هەنگاوەکانی بانکی ناوەندی لەو بارەوە دەکات.
ئاماژەی بەوەشداوە، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کاتییە و لە ئەنجامی گۆڕینی میکانیزمی کڕین و فرۆشتنی دۆلارەوە لەلایەن بانک ناوەندییەوە دروستبووە، هەربۆیە گەلی عێراق دڵنیادەکاتەوە کە دۆخی دارایی عێراق لە ئێستادا لەباشترین دۆخیدایە.
لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا هاتووە، حکومەت داوا لەسەرجەم وەبەرهێنەران و بازرگانان دەکات کە پێویستە هاوکاری سەرجەم بانکەکان و بانکی ناوەندی بکەن تا گەرەنتی ئەو کەرەستە و کەل و پەلانە بکەن کە هاوردەی دەکەن و بەمەش سودمەندبن لەو ئاسانکارییانەی بانکەکان بۆیان دەکەن لە دانانی نرخ و پشت پێبەستنیان.
ئەمە لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ بانکی ناوەندی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە چەند رۆژی رابردوودا دەگەڕێتەوە بۆ بوونی چەند هۆکارێک، لەنێویاندا دامەزراندنی سەکۆیەکی ئەلیکترۆنی ئەمەش بووەهە تۆی بەرزبوونەوەی ئاستی خواستی کڕینی دۆلار لەلایەن کڕیارانەوە لە بانکی ناوەندی.
هەر ئەمڕۆش، بانکی ناوەندی عێراق نرخی دۆلاری لە بانکەکاندا دابەزاند و یەک دۆلار بەرامبەر بە هەزار و ٤٥٠ دینارە و بەوەش ١٠٠ دۆلار بەرامبەر دەبێت بە ١٤٥ هەزار و ٥٠٠ دینار دەبێت.