زایەڵە - سبەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر کۆدەبێتەوە و تێیدا دەنگ لەسەر زیادبوونی قەزایەکی نوێ دەدرێت و ناوی قەزایەکی دیکەش دەگۆڕدرێت، بڕیاریشە لە داهاتوودا دوو ناحیەی نوێ دروست بکرێن.
عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، سبەی دووشەممە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر کۆدەبێتەوە و تێیدا هەڵدەستین بە گۆڕینی ناوی دەشتی هەولێر بۆ قەزای بنەسڵاوە و سەنتەرەکەشی بنەسڵاوە دەبێت بەپێی ماددەی 6 لە خاڵی 13 لە یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان ژمارەی 3ی ساڵی 2009 و دواتریش هەڵدەستین بە هێنانەکایەی قەزایەکی دیکە بە ناوی قەزای قوشتەپە، کە ئەویش سەنتەرەکەی قوشتەپە دەبێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، سەبارەت بە هێنانەکایەی چەند ناحیەیەک، لە کۆبوونەوەی سبەیدا بڕیاریان لەسەر نادرێت و لە داهاتوودا بڕیاری لێ دەدرێت، کە ئەوانیش کانی قرژاڵە و بێستانەن .
ئەوەشی خستەڕوو، هۆکاری دەرچوونی ئەو بڕیارانە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناوچەکان فراوان بوون و ژمارەی دانیشتووانیشیان زیاد بووە، بۆیە ئەو بڕیارانە دەدرێت و قەزا و ناحیە بۆ هەولێر زیاد دەکرێت، کە دوای ئەوەی دەکرێنە قەزا، فەرمانگەی پێویستیشیان بۆ دەکرێنەوە.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم