زایەڵە - لە ماوەی چوار ساڵی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێژەی بەستنی پێوەری ئاوی خواردنەوە لە 45% بۆ 79% بەرزبووەتەوە و پێشبینی دەكرێت لە ماوەی یەك ساڵی تردا ئەو ڕێژەیە زیاتر بەرز ببێتەوە.

ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایدەگەیەنێت، بە بەراورد بە ساڵانی 2018-2019 بەستنی پێوەری ئاو زیادی كردووە كە ئەوكات هاوبەشانی ئاو بە ڕێژەی 45 % پێوەریان بەستابوو، بەڵام ئێستا ئەو ڕێژەیە بۆ 79% بەرزبووەتەوە و پێشبینی دەكەین لە ماوەی ساڵێكی تردا ئەو ڕێژەیە بەرزتر بێتەوە.

سەبارەت بە ژمارەی هاوبەشانی ئاو، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێ، لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان ژمارەی هاوبەشانی ئاو لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە كە لەنێوان ساڵانی 2018 – 2019، نزیكەی 760 هەزار هاوبەشمان هەبوو، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە یەك ملیۆن و شەست و پێنج هەزار هاوبەش.

ئامادەکردنی- کامەران کەریم