زایەڵە - ئەندامێكی ئەنجومەنی عێراق ڕایدەگەیەنێت ،ئەو دەنگۆیانە دورن لە ڕاستیەوە كە باس لە بوونی مەترسی دەكرێت لەسەر ناردنی ئەو 400 ملیار دینارەی حكومەتی عێراق بڕیاری ناردنی داوە بۆ هەرێمی كوردستان.
دارا سێكانیانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند،  پێم وانیە گرفتێكی تایبەتی لە نەناردی 400 ملیار دینارەكەی بەغدا بۆ هەرێم هەبێت و پێم وایە كێشەكە كاتەو لە داهاتوودا ئەو پارە دەگاتە هەرێمی كوردستان.
وتیشی،  لەسەر 400 ملیار دینارەكە كە بۆ هەرێم دەنێردرا سكاڵا لە دادگای فیدڕاڵی تۆمار كرابوو، بەڵام دادگاكە وا بڕیاری دا كە وەك چۆن حكومەتی عێراق یاساییە بوودجە بۆ پارێزگایەك بنێرێت ئاواش یاساییە بۆ هەرێمی كوردستانی بنێرێت، بۆیە هیچ مەترسییەك لەسەر ئەو 400 ملیار دینارە نییە.
ڕونیشیکردەوە،   لیكتێگەیشتنێك هەیە لەنێوان هەرێم و بەغدا، بێگومان پشكی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 دیاری دەكرێت ، بەڵام بە پێی ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو بڕوا ناكەم جێبەجێ بكرێت، چونكە حكومەتی هەرێم ئامادەی ڕادەستكردنی نەوت و جێبەجێكردنی مەرجەكانی بەغدا نییە.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم