زایەڵە - ھیوا عەلی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ ڕایگەیاند،  دەرچووانی کشتوکاڵ دوای بانگەوازەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ فۆرمیان پڕ کردووەتەوە و بەپێی دواین ئامار زیاتر لە 11 ھەزار دەرچوو فۆرمی دامەزراندنیان پڕ کردووەتەوە و لەلایەن لیژنەی باڵاوە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان کراون بۆ ئەوەی کار بۆ دامەزراندنیان بکرێت.

وتیشی ، دوای سەری ساڵ دەرچووانی کشتوکاڵ، ئەوانەی فۆرمیان پڕ کردووەتەوە دەخرێنە خوڵێکی ڕاھێنانەوە و ئامادە دەکرێن بۆ دامەزراندن بە چەند قۆناغێک و ئەوانەی مەرجیان تێدایە دادەمەزرێن.

ڕوونیشیکردەوە، ئەو 11 ھەزار دەرچووە ھەموویان بە یەک قۆناغ دانامەزرێن، بەڵام بە چەند قۆناغێک دادەمەزرێن تا ھەموویان دەبنە خاوەنکار و سەرپەرشتیی پڕۆژەکان دەکەن، لەوانەیە لە قۆناغی یەکەم چەند ھەزارێک دابمەزرێن، بەڵام ھەموو ھەوڵێکی حکوومەت ئەوەیە ھەموو دەرچووان دابمەزرێن.

ئامادەکردنی- کامەران  کەریم