زایەڵە - پەرلەمانتارێك هۆكاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی ئاشكرا دەكات.
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان هۆكاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی ئاشكرا دەكات و جەختیش دەكاتەوە بەشێكی پەیوەندی بە خستنەرووەوە هەیە و بەشێكی فشاری ئەمریكایە لەسەر حكومەتی عێراق.
عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بەزایەڵەی ڕاگەیاند، بانكی ناوەندیی عێراق رۆژی چوارشەممە 86 ملیۆن دۆلاری فرۆشتووە و رۆژی پێنجشەممە 66 ملیۆن دۆلار و كۆی هەفتەی رابردوو 218 ملیۆن بە شێوەی كاش و 126 ملیۆن دۆلار بە شێوەی حەواڵە، كە بەراوردی بكەین بە چوار مانگ پێش ئێستا بە ئەندازەیەكی بەرچاو كەمیكردووە.
بەپێی زانیارییەكان فشاری ئەمریكا لەسەر حكومەتی عێراق هەیە بۆ كەمی خستنەروو، باس لە ناردنی دۆلار بۆ ئێرانيش دەكرێت و هەموو ئەمانەش وادەكەن ئەم چەند رۆژە بەهای دینار بەم شێوە بمێنێتەوە تا وەكو حكومەتی عێراق و ئەمریكا ڕێككەوتن دەكەن و بڕی خستنەڕوو زیاددەكات.
ئەوەشی وتوە،لە ساڵی نوێدا ئەگەر رێككەوتن بكرێت بۆ خستنەڕووی بڕی دۆلار، ئەگەری ئەوە هەیە بەهای 100 دۆلار لە نێوان 147 بۆ 150 هەزار دینار جێگیر ببێت.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم