زایەڵە - مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، نرخی دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی بەڕێگەوەیە بەرەو جێگیربوون لە نرخی ئاسایی خۆی، وە عێراق یەكێكە لە گەورەترین وڵاتانی ناوچەكە لە رووی توانای داراییەوە، بەڵام دەنگۆ و قسەوقسەڵۆك بەهۆی گۆڕانكاریی نرخ لە بازاڕەكان و پێڕەوكردنی چەند رێكارێكی نێودەوڵەتی پێوەست بە حەواڵەی دەرەكییەوە بڵاو كرایەوە.

ڕاشیگەیاند،هەمووان دڵنیا دەكەمەوە كە دوای زیادبوونی ئەو زانیارییانەی لە ناوەندی بازرگانییەوە بە ناوەند و بانكە نێودەوڵەتییەكان دەدرێت، دەسكەوتنی دراوی بیانی لە زیادبوونە و دۆلار بەخێرایی بە نرخی 146 هەزار دینار فەراهەم دەبێت.

ئەو ڕاوێژکارەی سەرۆکوەزیران دەشڵێت، بازاڕی دارایی لە قۆناغی خۆگونجاندنە بە ئاراستەیەكی دروست و رێكخراو، بۆیە هیچ ترس و نیگەرانییك نەماوە، بۆیە باشترە ئەو دەنگۆ و قسە زیادانە فەرامۆش بكرێت كە كەسانێكی مامەڵەكار بە دۆلار لە بازاڕ و نەیار بۆ سەقامگیری بڵاوی دەكەنەوە.

ئامادەکردنی- کامەران کەریم