زایەڵە - وەزیری دارایی عێراق دڵنیایی دەدات كە "بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار كاتییە و دەچێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی". دەشڵێت "لیژنەیەك سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار پێكهێنراوە و نرخەکەشی لە بوودجەدا بە ١٤٥٠ دینار جێگیر كراوە".
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، سەبارەت بە هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاندووە "بەرنامە و سیستمێكی هاوبەش لە نێوان هەردوو بانكی فیدراڵی و ناوەندی هەیە كە دەبوو ساڵی ٢٠١٨دا جێبەجێ بكرایە، بەڵام ئێستا خراوەتە كار".
وەكوو وەزیری دارایی ئاماژەی پێ‌ داوە، خستنەگەڕی ئەو بەرنامە و سیستمە هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارە بە شێوەیەكی كاتی، بەڵام جەخت دەكاتەوە كە "بە زووترین كات دۆخی دۆلار دەچیتەوە باری ئاسایی خۆی".
تەیف سامی دەنگۆی سەپاندنی "سزا و دروستكردنی لەمپەر" لەبەردەم كەرتی بانكیی عێراقدا لەلایەن ئەمریكاوە، ڕەت دەكاتەوە و دەڵێت "ئەو قسانە دوورن لە ڕاستییەوە".
سەبارەت بە پرۆژەیاسای بوودجەی ساڵی 2023یش، وەزیری دارایی عێراق دەڵێت "تا ئێستا نەنێردراوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و كاركردن بۆ ئامادەكردنی بوودجە بەردەوامەگ.
"لە بوودجەدا، نرخی دۆلار بە ١٤٥٠ دینار (واتە ١٠٠ دۆلار بە ١٤٥ هەزار دینار) و نرخی بەرمیلێك نەوتیش بە ٦٥ دۆلار جێگیر كراون، بەڵام ڕەنگە نرخی نەوت بۆ ٧٠ دۆلار بەرز بكرێتەوە"، تەیف سامی وا دەڵێت.
ئەم قسانەی وەزیری دارایی عێراق لە كاتێكدایە كە چەند هەفتەیەكە بەهای دۆلاری ئەمریكی لە بەرانبەر دیناری عێراقی لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە و بەهای 100 دۆلار تا 160 هەزار دینار بەرز بووەوە، بەڵام لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دابەزی. ئێوارەی دوێنێ لە كاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی كوردستان، بەهای 100 دۆلار 152 هەزار و 750 دینار بوو.