زایەڵە - بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی هێلکە گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی و بەرهەمی ڕۆژانەی هێلکە %50 زیاترە لە پێویستی ناوخۆ.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی هێلکە، گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاویش بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی هێلکە، هەنگاوی گەورەی ناوە.
ڕاشیگەیاند: بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، هەرێمی کوردستان ساڵانە 919 ملیۆن و 800 هەزار هێلکە، هەناردەی دەرەوە دەکات، ئەمە جگە لەوەی کە گرنگییەکی زۆر بە هەماهەنگیکردن لە گەڵ بازاڕی دەرەکی دەدرێت بۆ دۆزینەوەی بازاڕ و ساغکردنەوەی بەرهەمی هێلکەی پڕۆژە و کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە.
ئەوەشی خستەڕوو کە "لەهەمانکاتدا، بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی هێلکە بۆ ناو هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، ئەمەش بۆ بوونیادنانی بناغەیەکی گرنگیی ئابووری و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و دەستەبەرکردنی خۆراکێکی تەندروست بۆ هاووڵاتییان، هەروەها پەرەدان بە بەرهەمی ناوخۆ و ڕەخساندنی هەلی کار."
فەرمانگەی میدیا و زانیاری باسی لەوەش کردووە کە "لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە بۆ 33 پڕۆژە بەرزبوونەتەوە، کە بەراورد بە پێشتر 200% زیادی کردووە، هەروەها توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەیان دوو ملیار و ٩١٨ ملیۆن و ٥٧٧ هەزار هێلکەیە، کە بەڕێژەی 100% بەرزبووەتەوە بەراورد بە پێشتر."
لە ڕاگەیەنراوەکە فەرمانگەی میدیا و زانیاری بەمشێوەیە پڕۆژە و کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە، دابەشبوونی بەسەر شارەکان خستووەتەڕوو:
هەولێر: 15 پڕۆژە
سلێمانی: 11 پرۆژە
دهۆک: 5 پڕۆژە
گەرمیان: 2 پرۆژە
ڕوونیشی کردۆتەوە کە "پێشتر، بڕی بەرهەمی ڕۆژانەی هێلکە ملیۆنێک و 80 هەزار بوو، لەکاتێکدا ڕێژەی پێویستی ناوخۆیی لە ڕۆژێکدا دوو ملیۆن و 520 هەزار بوو، ڕێژەی کورتهێنانیش لە ڕۆژێکدا ملیۆنێک و 440 هەزار بوو، بەڵام لە کابینەی نۆیەمدا، ڕێژەی بەرهەمهێنانی هێلکە لە ڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە بۆ پێنج ملیۆن و 40 هەزار، لەو ڕێژەیەشدا دوو ملیۆن و 520 هەزاری بۆ پێداویستی ناوخۆیی دابین دەکرێت."
فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە "بەرهەمی ڕۆژانە هێلکە لە هەرێمی کوردستان، 14 هەزار کارتۆنە، کە 50% لە پێویستی ناوخۆیی زیاترە، ڕۆژانە 7 هەزار کارتۆن هێلکە دەنێردرێتە دەرەوە و 7 هەزار کارتۆنیش بۆ بازاڕەکانی ناوخۆ دەنێردرێن و هەر لەوێش ساغ دەکرێنەوە."