زایەڵە - وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڵاوی کردەوە، تاوەكو 4ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ، وەبەرهێنانی كانزایی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزاکانی پارێزگاکان، بڕی 46 ملیۆن و 850 هەزار و 800 لیتری لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان دابەش كردووە و بەپێی دوایین ئامار، تاوەكو ئێستا 234 هەزار و 254 خێزان لە پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی سوودمەند بوونە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە سنووری پارێزگای هەولێر 15 ملیۆن و 564 هەزار و 600 لیتر نەوتی سپی دابەش كراوە و 77 هەزار و 822 خێزان سوودمەند بوونە، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجەش 18 ملیۆن و 828 هەزار و 800 لیتر نەوتی سپی دابەش كراوە و 94 هەزار و 144 خێزان سوودمەند بوونە، هاوکات لە پارێزگای دهۆكیشدا، 12 ملیۆن و 457 هەزار و 600 لیتر نەوتی سپی دابەش كراوە و 62 هەزار و 288 خێزان سوودمەند بوونە.
 ئاشکراشی کردووە، پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەردەوام دەبێت و بەم نزیكانە دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەكان تەواو دەبێت و لە دەوروبەری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم