عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بەزایەڵەی ڕاگەیاند، هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەهێز بێت، دەبێت ئابوریەکی بەهێزی هەبێت و خەڵک بەخۆش گوزەرانی بژی.
وتیشی، واقعێک هەیە ئەمەیە، بەرهەمی نەوتی هەرێم بە ئاراستەی کەمبونەوە دەڕوات، دوێنێ بڕی هەناردەکراو(٣٩٤هەزار) بەرمیل بوە، (٤٠ هەزار) یش لە نێوخۆدا بەکارهێندراوە). لەئەگەری دابەزینی نرخی نەوت، ئەم بڕەی بەرهەم کەمتر دەبێتەوە، چونکە ناتواندرێت وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتیەکان بکرێت. واتە، هەم داهات زۆر کەمدەبێتەوە و هەم نرخی نەوت، بەمەش هەم گرفتی گەورە بۆ موچەوخزمەتگوزاری دروستدەبێت هەم ناکۆکی نێوان هەولێرو سلێمانی زیاتر دەبێت. لەئەگەری ڕێکنەکەوتن، بەریککەوتن لەگەڵ عێراق زیاتر دەبێت و پەنا بردنەوەیان بۆ دادگاو چەندین دۆسیەی دیکە دەوروژێننەوە وەک دادگای پاریس و دۆسیەکەی تورکیا، وە چۆن پێشتر ویستیان لەسەر کێگەی خورمەڵەو کۆرۆمۆر سکاڵا یاسایەکان بجوڵێنن و بڵێن: موڵکی کۆمپانیای نەوتی باکورە! بەبێ ئەو دوو کێڵگە هەرێم نەوتێکی ئەوتۆو غازو کارەباشی نیە.
ڕونیشیکردەوە، ئێستا عێراق لە ڕووی نەقدی دارایەوە لە قۆناغێکی باشدایە، جگە لە ئاڵتون نزیکەی (١٠٠ ملیار دۆلار) یەدەگی بانکی ناوەندیە. بودجەی ئەم ساڵی عێراقیش لە بەرزترین ئاستدایە.
بژاردەی ژیرانە بۆ هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنە لەگەڵ حکومەتی عێراق، پشکی مانگانەی هەرێم نزیکەی لە ملیارێک دۆلار دەبێت! جگە لەو ڕێژە لەو داهاتە نێوخۆیانەش کە بۆ هەرێم دەمێنێتەوە. ئەمەش بوژانەوەیەکی گەورەیە بۆ هەرێمی کوردستان.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم
January 05, 2023