نوسینگەی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ پاپا فرانسیس گفتوگۆیان کردووە لەسەر ئەو "ئاڵنگارییە گەورانەى کە ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی بوونەوە لەم سەردەمی ئێستادا."
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، پاپا فرانسیس، ڕابەری کاسۆلیکەکانی جیھان بەیانی ئەمڕۆ لە دووەم ڕۆژی سەردانەکەی بۆ عێراق گەیشتە شاری نەجەف و چاوی بە عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق کەوت.
لە ڕاگەیەنراوی نوسینگەی ئایەتوڵڵا سیستانیدا لەبارەى کۆبوونەوەکە هاتووە، "گفتوگۆ کراوە لەسەر ئەو ئاڵنگارییە گەورانەى ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی بوونەتەوە و ڕۆڵی باوەڕ بە خوای باڵادەست (الايمان بالله) و بە پەیامەکانی و پابەندبوون بە بەها ئەخلاقییە بەرزەکان و سەرکەوتن بە سەریاندا."
دەشڵێت، "سەماحەتی سیستانی باسی گیرخواردنی زۆربەى وڵاتان کرد بە دەستی ستەم و ڕق و هەژاری و چەوسانەوەى ئاینی و فیکری و کپکردنی ئازادییە بنچینییەکان و نەبوونی دادگەری کۆمەڵایەتی کرد، بە تایبەت ئەوانەى کە گەلی ناوچەکەمان دەیچێژن لە شەڕ و کاری تێکدەرانە و گەمارۆی ئابوری و ئاوارەکردن و چەند شتێکی تر، بە تایبەت گەلی فەڵەستین لە خاکی داگیرکراودا."
ڕاگەیەنراوەکە باسی لەوەشکردووە کە سیستانی ئاماژەی بەو "ڕۆڵە کردووە کە پێویستە سەرکردە ئاینی و ڕۆحییەکان بیگێڕن بۆ وەستاندنی ئەم نەهامەتییانە، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە تایبەت هێزە گەورەکان هان بدرێن کە ژیری و دانایی زاڵ بکەن بەسەر زمانی شەڕدا، هەروەها بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان لەسەر حسابی مافی گەلان بۆ ژیانێکی ئازاد و بەڕێز فراوان نەکەن."
ڕاشیگەیاند، "سەماحەتی سەید سیستانی باسی لە ڕۆڵی مێژووی و پڕ لە سەروەری عێراق کرد و هیوای خواست کە ئەم دۆخەی ئێستای تێپەڕێنێت، جەختیشی کردەوە کە پێویستە هەموو هاوڵاتیانی مەسیحی وەک گەلانی تری عێراقی لە ئاسایش و ئاشتی تەواودا بژین و مافی تەواوی دەستورییان هەبێت."
March 06, 2021