زایەڵە - بە سەرپەرشتی هۆبەی چالاکی هونەری بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی سیدسادق، ساڵانه لە ساڵڕۆژی مەرگەساتی رەقبوونەوەی ئهو دوو پهپولهیهدا مەڕاسیمی تایبەت بەو یادە ڕێکدەخات.
ئەمڕۆ شەممە بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری پەروەردەی سیدسادق و سەرپەرشتیاران و مامۆستایان و فەرمانبەران و نوێنەرانی دەزگا حکومیەکانی سنورەکە، لە (٣١)مین ساڵیادی مەرگەساتی چنارو هێمندا، بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی سیدسادق و قوتابخانەی چناری بنەڕەتی و باخچەی منداڵانی هێمن، تاجەگوڵینەی ڕێزو وەفایان لەبەردەم پەیکەری ئەو دوو پەپوولەیەی رەمزی زانست و خوێندنی سنورەکە داناو بڕیاریشە لەم هەفتەیەدا چەندین چالاکی تایبەت بەم مەرگەساتە بەڕێوەبچێت.
چنارو هێمن ناوی تهواویان (چنار ناسیح علی له ساڵی ١٩٨٢ و هێمن ناسیح علی له ساڵی ١٩٨٥ له گوندی برایم غولامی سەربەناحیەی قادر كەرەم له دایك بوون)، بەهۆی شالاوی ئەنفالیشەوە لەسالی ١٩٨٨ لەنازی باوكیان بێ بەش دەبن، له ساڵی ١٩٩١ دوای كۆڕهوه مهزنهكه، ئاوارەی قهزای سهیدسادق دهبن، لەئۆردوگای شانەدەری نیشتهجێ دەبن، هێمن پۆلی دووەمی سهرهتایی بووهو چناریش له پۆلی سێی سهرهتایی بووه، ههردووكیان قوتابی بوون لە قوتابخانەیەکی سیدسادق، له ئیوارەی ١٩٩٢/١/٧ لەگەڕانەوەیان لە قوتابخانەوە بۆماڵەوە بەهۆی بەفروبارانەوە ریگەی ماڵەوەیان لێ وون دەبێت، پاش شەوێك مانەوە لەناو بەفرو سەرما گیان لەدەست دەدەن و دهبنه دوو پەپوولەی بەستووی ڕەمزی كاروانی زانستو خوێندنى سنورهكه.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم