وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: هەموو ژمارە و داتاكانی تایبەت بە داهات و خەرجیی نەوتی و نانەوتی و تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی پێشكەش بە بەغدا كردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ژمارە و داتاكانی تایبەت بە داهات و خەرجیی نەوتی و نانەوتی و تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی پێشكەش بە بەغدا كردووە.
وتیشی: لە کاتێکدا پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021، لە دوایین قۆناخەکانییەتی، دوای گفتوگۆیەکی زۆر لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی بە گشت پابەندییەکانی دووپات دەکاتەوە و بڕوای بە شەفافیەت هەیە وەک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتدا هاتووە.
ڕونیشیکردەوە ، حكومەتی هەرێم بە نووسراوی ژمارە (7-تایبەت) لە 1-2-2021، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە لە هەموو وردەكارییەكانی پەیوەست بە پرۆسە و داهات وخەرجییەکانی نەوتی (پشتبەست بە ڕاپۆرتی ووردبینی و پێداچوونەوەی كۆمپانیای دیلۆیتی نێودەوڵەتیی) سەرەڕای ناردنی ژمارەکانی پەیوەست بە سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتی و دەروازە سنووریەکان و بڕی داھاتەکانیان پشتبەست بە بەیانی دارایی ساڵانەی وەزارەتی دارایی وئابووری ھەرێم. ئەمە سەرەڕای ناردنی خشتەی ژمارە و زانیاری تایبەت بە مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، پشتبەست بە پڕۆگرامی تۆماری بایۆمەتری.
ئەوەشی خستەڕوو: حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەمیشە جەخت لەسەر پابەندبوون بە پڕەنسیپی شەفافیەت دەكاتەوە لەبارەی ئاشكرا كردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی خۆی ، بۆ ڕای گشتی و حکومەتی فیدڕاڵ، تا ئێستاش بە نووسراوی فەرمی وەڵامی وردی هەموو پرسیارەکانی ھەردوو وەزارەتی دارایی و نەوتی عێراق و ھەروەھا لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانیشی داوەتەوە.
زیاتر وتی: هاوكات ھەرێم جارێکی تر، ئامادەیی خۆیشی دووپات دەكاتەوە بۆ ڕوونكردنەوەی هەر پرسیارێكی دیکەی پەیوەست بەم بابەتەوە، بۆلادانی هەموو ئەو تەمومژیانەی كاریگەریان بەسەر ڕێڕەوی لێكگەیشتن و ڕێككەوتنی نێوان هەردوولا دەبێت.
کامەران کەریم
March 06, 2021