زایەڵە - ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی جێندەرەوە بۆزایەڵە دەدوێت و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە " لەکاتی پێدانی مۆڵەتی ڕێکخراوەکان ڕەچاوی ئاین و کلتور و ڕەسەنایەتی کۆمەڵگەی کوردی بکرێت."

ڕەمەزان نامق ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەزایەڵەی ڕاگەیاند،  لەبارەی پرسی جێندەر، بەئیمزای چەند ئەندامێکی ئەنجومەن یاداشتێکمان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کرد سەبارەت بەپرسی جێندەر و کاریگەریە خراپەکانی لەسەر ئایین و کلتوری کۆمەڵگەی کوردی لەیاداشتەکەدا داوا کراوە، یاسایەک دەربکرێت بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی بیر و کلتوری نامۆ لەناو کۆمەڵگە و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و دامەزراوە حکومیەکان .

وتیشی: هەروەها تێیدا هاتووە کە ئەرکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکانە لەکاتی پێدانی مۆڵەتی ڕێکخراوەکان ڕەچاوی ئاین و کلتور و ڕەسەنایەتی کۆمەڵگەی کوردی بکرێت و ئەم پەیامەش بدرێت بە قونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان بەمەبەستی ڕێزگرتن و ڕەچاوکردنی ئاین و کلتوری کۆمەڵگەی کوردی .

وتیشی، لەڕێگەی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان ڕاپەڕین سەرجەم فەرمانگە حکومیەکان ئاگاداربکرێنەوە بەمەبەستی خۆپارێزی و ڕێگەنەدان بەهیچ جۆرە چالاکیەک لەبارەی جێندەر لەناو بینای فەرمانگە حکومیەکان ئەمەش لەپێناو تێک نەدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی و دورکەوتنەوەی مەترسی لەسەر گەنجان و نەوەکانمان .

ئامادەکردنی- کامەران کەریم