زایەڵە - د.ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی ئەمڕۆ یەكشەممە پلانێكی بۆ پڕكردنەوەی كەمیی دەرمان ڕاگەیاند، هاوكات ئاماژەی بەوەدا كە گرێبەستی دەرمانەكان ئامادەن بۆ واژۆكردن و چاوەڕوانی پەسەندكردنی بودجەیە.
حەسناوی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: دۆسیەی دەرمان یەكێكە لە دۆسیە زۆر مەترسیدارەكان، ئەمەش لە یەكەم ڕۆژی وەرگرتنی پۆستەكەی و دەستبەكاربوونیەوە پلانێكی داڕشتووە بۆ چارەسەركردنی ئەو كەمییە گەورەیەی بەتایبەتی ئەو دەرمانانەی ژیانی رزگار دەكات ، ئاماژەی بەوەشكرد كە هەوڵەكان بەردەوامن بۆ دابینكردنی دەرمان و پڕكردنەوەی كەمییەكە.
ڕوونیشی كردەوە : ئەگەر بودجە پەسەند بكرێت فۆرماتێكی جیاواز بۆ ئەم دۆسیە دەبێت، جەختیشی كردەوە ئێستا وەزارەت دەستی كردووە بە ئامادەكاری بۆ دۆسیەی دەرمان بۆ ساڵی 2023، هەروەها سەرجەم گرێبەستەكان ئامادەن بۆ واژۆكردن و چاوەڕوانی پەسەندكردنین لە بودجەدا.
ئاماژەی بەوەش كرد: پێشكەوتن لە دەرمانەكاندا هەیە، لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە كۆمپانیای گشتی دەرمان و سیستەمی بەڵێندەرایەتی پەرەی پێدراوە، هەروەها هەندێك دەرمان لە ئێستاوە دەستیان بە گەیشتن كردووە، بەتایبەتی دەرمانی شێرپەنجە و دەرمانی ڕزگاركەری ژیان.
محەممەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی لە گرنگی خۆجێیكردنی پیشەسازی دەرمان كردەوە، هەروەها گرنگیدان بە چینە هەژارەكان و دابینكردنی دەرمان و پێداویستی پزیشكی هاوتا لەگەڵ داهاتە سنووردارەكانیان.
دوێنێ شەممە وەزیری تەندروستی ژمارەیەك دامەزراوەی تەندروستی لە شاری ئیمام حسێن (د.خ) لە پارێزگای كەربەلا كردەوە.