زایەڵە - سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی سەرکردایەتی یە‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەئێستادا دۆخی سیاسی هەرێم بە قۆناغێکی ناسەقامگیر و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، کە هۆکارەکەی نەمانی شەرعیەتە لەسەر حکومەت و دامەزراوەکانی دیکە.
د-هادی عەلی سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی سەرکردایەتی یە‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان  لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆری كۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی لەبارەی دۆخی سیاسی هەرێم بڵاوکردوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردوە، درێژکردنەوەی نایاسایی و بێ پاساوی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، رۆژ بە رۆژ کاریگەرییەکانی لەسەر دۆخی سەقامگیری سیاسی هەرێم زیاتر دروست دەکات.
ئەوەشی وتوە، لە دەرئەنجامیشدا رۆژ لە دوای رۆژ دەرھاوێشتە نەخوازراوەکانی نەمانی شەرعیەت لەسەر حکومەت، تێکچونی زیاتری سەقامگیری سیاسی ھەرێم ئاڵۆزتر و قوڵتردەبێتەوە.
جێی باسە ئەمە لە کاتێکدایە سەرەرای ناڕەزایی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن، مانگی 10ی ساڵی رابردو بەدەنگی زیاتر لە 80 پەرلەمانتار تەمەنی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو كۆتایی وەرزی یاسادانانی پایزەی ساڵی 2023 درێژکرایەوە، بەو پێیەش پەرلەمان، حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان تا 2023/12/31 لەکارەکانیان بەردەوام دەبن.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم