زایەڵە - وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت، وەزیرەكانی یەكێتی دەوامی ئاسایی خۆیان دەكەن، بەڵام بەشداری هیچ چالاكییەكی كابینەی 9 ناكەن.
سەمیر هەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندوە، وەزیرەكانی یەكێتی بەردەوامن لە كاری خۆیان و لەپێناو بەردەوامی كاروباری خەڵكی لە وەزارەتەكان رۆژانە دەوامی ئاسایی خۆیان دەكەن.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بەڵام بەشداریی هیچ چالاكییەكی كابینەی 9 ناكەن و لە گروپی وەتسئەپی ئەنجومەنی وەزیرانیش دەرچوون.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە پێشتر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەدابوو ، دەبێت لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە حكومەت پاڵپشتی لە حكومەت بكەن و نابێت لەناو حكومەت بن و رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن ببینن، لای خۆشیەوە تیمی یەكێتی لە حكومەت وەڵامی دایەوە و رایانگەیاند، گلەیی و هەڵویستیان لە كردەوە و شێوازی ئیدارەدانی كابینەی نۆیەم هەیە.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم
January 16, 2023