زایەڵە - وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئەمڕۆ وەزیری بازرگانی ئەسیر داود غورەیری، پێشوازیی لە شاندێکی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ تاوتوێکردنی ژمارەیەک پرس، گرنگترینیان بریتی بوو لە دابەشکردنی شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێم بۆ ساڵانی 2015-2016".

ئاماژە بەوەشکراوە:"وەزیری بازرگانیی عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر وەرگرتنی بەرهەمی گەنم بۆ ئەمساڵ، دەستەبەرکردنی باجی جوتیاران و بازرگانەکان، هەروەها دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراک".

غورەیری وتوشیەتی: "هەموو هەوڵ و وزەیەکمان کۆکردووەتەوە بەمەبەستی گەیاندنی خۆراک بە هاوڵاتییان لە سەرجەم پارێزگاکان، هەروەها بەدواداچون بۆ بریکارەکان بە شێوەیەکی ڕۆژانە لە ڕێگەی لیژنەکانی چاودێرییەوە".

ئەوەش هاتووە: "ئەمڕۆ سەقامگیری لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراک و عەمبارکردنی ستراتیژی لە پارێزگاکانی وڵاتدا دووپات دەکەینەوە".

جێی باسە رۆژی 19ـی تشرینی یەکەمی 2022 حکومەتی عێراق بڕی 37 ملیار و 76 ملیۆن دیناری چەکی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستانی بۆ ساڵی 2014 خەرج کرد، کۆی گشتیی پارەی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵانی 2012-2015-2016، 308 ملیار دینارە.

ئامادەکردنی- کامەران کەریم