زایەڵە - سه‌رۆكى كۆمه‌ڵى دادگه‌رى ڕایگه‌یاند، ده‌بێت بزانین هۆكارى ئه‌م شێوه‌ ئیداره‌دانه‌ سه‌قه‌ته‌ى هه‌رێم چیه‌؟ ده‌ڵێت، نه‌بونى په‌روه‌رده‌یه‌و به‌ر له‌هه‌موان پێویسته‌ سیاسیه‌كان به‌ر له‌هه‌موو كه‌س چه‌كوشكاریان تێدا بكرێت.

عه‌لى باپیر سه‌رۆكى كۆمه‌ڵى دادگه‌رى ڕایگه‌یاند، رۆژانێك له‌ شاخ بوین خه‌ونمان به‌رۆژگارێكى وه‌ك ئه‌مرۆ ده‌بینى به‌ڵام سیاسیه‌كان خراپ ئه‌م ووڵاته‌یان به‌ڕێوه‌برد و له‌سه‌ر ده‌ریایه‌ك نه‌وتین و رێكخراوى خێرخوازى نه‌وت به‌سه‌ر هاووڵاتیان دابه‌ش ده‌كه‌ن.

عه‌لى باپیر ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، پێویسته‌ ئێمه‌ تێرمان خواردبێت له‌ ماستاوكردن بۆ رۆژئاوا و به‌رپرسان پێیان وایه‌ تا دینمان كه‌متربێت ئه‌وان زیاتر لێمان ڕازى ده‌بن.

سه‌رۆكى كۆمه‌ڵى دادگه‌رى هێما بۆئه‌وه‌ش ده‌كات، به‌رپرسیارى یه‌كه‌م له‌ دۆخى هه‌رێم و كێشه‌كان، پارتى دیموكراتى كوردستانه‌ پاشان یه‌كێتى، ده‌ڵێت" پێمان خۆشه‌ هه‌ردوولا واز له‌چه‌له‌حانێ بێنن و یه‌ك جار بوێریان هه‌بێت دان به‌هه‌ڵه‌ى خۆیان بنێن و ئه‌قڵه‌یتى تاك گه‌رایی و ماڵ گه‌رایی واز لێبهێنن.

عه‌لى باپیر ئاماژه‌ بۆئه‌وه‌ده‌كات، هه‌رچیان پێبكرێت بۆ نێوه‌ندگیرى ده‌یكه‌ن و به‌غداو دیمه‌شق و تاران و ئه‌نكه‌ره‌ كاتێك رێزمان لێده‌گرن كه‌ خۆمان چاك بكه‌ین و یه‌كبین.

ئه‌م وتانه‌ى سه‌رۆكى كۆمه‌ڵى دادگه‌رى له‌میانى وته‌یه‌ك هات كه‌ پێشكه‌شى رێكخراوى مامۆستایانى حزبه‌كه‌ى كردبوو.