زایەڵە - نەریتی تێرکردنی هەژاران لە سلێمانی زیاتر پەرەی پێدراوە.
قایمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، نەریتی تێرکردنی هەژاران لە سلێمانی زیاتر پەرەی پێدراوەو چەندین چێشتخانەی خێرخوازی کراونەتەوەو رۆژانە هەزاران هاوڵاتی سەردانی دەکەن، قائیمقامی سلێمانیش دەستخۆشی لەو کەسانە دەکات کە بەو کارە هەڵدەستن.
لە میانی بەسەرکردنەوەی (چێشتخانەی خێرخوازان لە سابونکەران و تەکییەی رەحمان لە گەڕەکی گاوران) کە رۆژانە خواردن بۆ کەمدەرامەتان دابین دەکەن، ئاوات محەمەد- قائیمقامی سلێمانی پشتگیری حکومەتی سلێمانی بۆ ئەو کارە خێرخوازییانە دوپاتکردەوەو رایگەیاند ئەم نەریتە لە مێژووی سلێمانیدا هەبووەو ئێستاش بە سەرپەرشتی و هاوکاری کەسانی بەخشندە پەرەی زیاتری پێدراوە و جێگەی دەستخۆشییە و وەکو شاری سلێمانی شانازی بەو کارانەوە دەکەین.
جگەلە تەکییەی کاک ئەحمەدی شێخ و مزگەوتی مەحوی و خانەقای مەولانا کە بوون بە ماڵی هەژاران و سەدان کەس بێ بەرامبەر نانیان لێدەخۆن، تەکییەی رەحمان بە سەرپەرشتی و لەسەر ئەرکی (نامیق فایەق) و چێشتخانەی خێرخوازان بە سەرپەرشتی (حاجی کامەران) هەموو ئێوارەیەک بڕێکی زۆر خواردن ئامادە دەکەن و زیاتر لە (٨٠٠) کەس لە کەسانی کەمدەرامەت لە دوو ناوەندە خزمەت دەکرێن.
کامەران کەریم