زایەڵە - لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان رایدەگەیەنێت، 82%ـی کرێکاران لە سنوری پارێزگای سلێمانی گرێبەستی کاریان نییە و ئەوانەشی هەیانە، زۆربەی ناوەڕۆکی گرێبەستەکانیان نایاساییە.
چالاک رەئوف، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان له كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا ڕایگەیاند،82%ـی کرێکاران لە سنوری پارێزگای سلێمانی گرێبەستی کاریان نییە و ئەوانەشی هەیانە، زۆربەی ناوەڕۆکی گرێبەستەکانیان نایاساییە، هەروەها 70%ـی کرێکارانیش دەستبەری کۆمەڵایەتییان نییە کە مانای وایە لەکاتی گەیشتنیان بەتەمەنی خانەنشینی، ناتوانن خۆیان خانەنشین بکەن.
وتیشی، هەرچەندە تائێستا بە فەرمی ژمارەی کرێکارانی ناوخۆ و بیانی لە هەرێمی کوردستان نەزانراون، بەڵام بەگوێرەی داتاکانی حەوت رێکخراوی تایبەت بە کرێکاران دەرکەوتوە لە سنوری پارێزگای سلێمانی، 82%ـی کرێکاران گرێبەستی کاریان نییە .
ئەوەشی ڕونکردەوە، بەگوێرەی ئامارەکانیان 100%ـی کرێکارانی کوردستان بیمەی تەندروستیان نییە، 50%ـی خاوەنکارەکانیش هیچ مۆڵەتێکیان نیە یان مۆڵەتەکانیان تازە نەکردوەتەوە،هەروەها 82%ـی کرێکاران لە مانگێکدا دو رۆژ پشویان پێدراوە، 25%ـی دەستیکار لە رەگەزی مێینەیە و 75%ـی دەستکاریش لە سلێمانی کرێکاری بیانین .
هاوکات سەبارەت بەو کریکارانەی کە هەرزەکارن ڕایگەیاند ، 17%ی ئەوانەی وەک کرێکار کار دەکەن تەمەنیان لەخوار 16ساڵیدایە و ئەو رێژەیەش کاریگەری لەسەر لاوازکردنی دەستیکار دروستکردوە.